هێڵە ئاسمانییەکانی ئەمریکا راگرتنی گەشتەکانیان بۆ ئیسرائیل درێژکردەوە

کۆمپانیای فڕینی ئەمریکی "ئەمەریکان ئێرلاینز" بڕیاری دا بە درێژکردنەوەی ماوەی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گەشتەکانی بۆ تەلئەبیب تا مانگی ئازاری ساڵی 2027، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە بەردەوامیی گرژی و ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی "N12"ی ئیسرائیلی و بەدواداچوونەکانی رۆژنامەی "جێرسۆلم پۆست"، هێڵە ئاسمانییەکانی ئەمەریکان ئێرلاینز بڕیاریان داوە گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بن گۆریۆن لە تەلئەبیب بە کەمترین کات تا کۆتایی مانگی ئازاری 2027 رابگرن. داتاکانی سەر ماڵپەڕی فەرمی کۆمپانیاکە نیشانی دەدەن کە تەنیا لە سەرەتای مانگی نیسانی 2027وە گەشتەکان بۆ ئەو بەندەرە ئاسمانییە بەردەست دەبنەوە.

ئەم کۆمپانیا ئەمریکییە لە دوای تشرینی یەکەمی 2023 و دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە، سەرجەم گەشتەکانی خۆی لە نێوان فڕۆکەخانەی جۆن ئێف کێنیدی (JFK) لە نیویۆرک و تەلئەبیب راگرتووە. پێشتر کۆمپانیاکە رایگەیاندبوو کە لە مانگی ئازاری 2026دا گەشتەکانی دەستپێدەکاتەوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ئاڵۆزییەکانەوە ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکرا.

جگە لە ئیسرائیل، کۆمپانیای ئەمەریکان ئێرلاینز گەشتەکانی بۆ شاری دۆحەی پایتەختی قەتەریش بەهۆی نائارامیی بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکەوە تا مانگی کانوونی دووەمی 2027 هەڵوەشاندووەتەوە. کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە گەشتیارانی زیانمەند دەتوانن بە شێوەیەکی بێبەرامبەر کاتی گەشتەکانیان بگۆڕن یان پارەی تکتەکانیان بە تەواوی وەربگرنەوە.

لە کاتێکدا هێڵە ئاسمانییەکانی تری ئەمریکا وەک "دێڵتا ئێرلاینز" و "یونایتد ئێرلاینز" گەشتەکانیان راگرتووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەوان پێش کۆتایی ساڵی 2026 گەشتەکانیان دەستپێبکەنەوە. لە ئێستادا، تەنیا هێڵی ئاسمانیی "ئێل ئاڵ"ی ئیسرائیلی گەشتە راستەوخۆکان لە نێوان شارەکانی ئەمریکا و تەلئەبیب ئەنجام دەدات.