ئیسرائیل پاشەکشەکردنی لە غەززە رەت دەکاتەوە
ئیسرائیل نیگەرانییە ئەمنییە قووڵەکانی خۆی گەیاندووەتە کۆشکی سپی سەبارەت بە رێککەوتنی پێشنیارکراوی چەککردنی حەماس، ئەمە یەکەم لێدوانی فەرمیی بەرپرسانی ئیسرائیلە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا رێککەوتنەکەی راگەیاند.
یەکشەممە 2ـی ئابی 2026، دۆرۆن سپیلمان، گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بەپێی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەوان، حەماس هێشتا پابەندە بە بنیاتنانەوەی هێزە سەربازییەکانی نەک چەکدانانی راستەقینە، ئاماژەی بەوەش دا، سوپای ئیسرائیل لە غەززە پاشەکشە ناکات کە ئێستا کۆنترۆڵی زیاتر لە 60%ی کەرتی غەززەی کردووە تا ئەو کاتەی حەماس بە کردەیی چەک دەکرێت.
سپیلمان گوتیشی: "پێمان وایە ئەگەر بەر لە چەککردنی حەماس هێزەکانمان بکێشینەوە، ئەوا بە خێرایی لە غەززەدا بڵاو دەبنەوە و ژێرخانی تیرۆریستی بنیات دەینێنەوە و مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگەکانی ئیسرائیل دروست دەکەنەوە". جەختیشی کردەوە "چەککردن واتە دەستبەرداربوونی تەواوەتی و فیزیکی لە چەک، نەک کەمتر لەوە."
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن، حەماس رایگەیاندووە دەستی بە پرۆسەی چەکدانان کردووە وەک بەشێک لە رێککەوتنی ئاگربەست بە ناوبژیوانی ئەمریکا، پلانی ترەمپ بۆ ئاگربەست لە 20 بڕگە پێکدێت و تێیدا داوا لە حەماس دەکرێت چەکەکانی رادەست بکات و تۆڕی تونێلەکان تێک بدات، لە بەرامبەریشدا سوپای ئیسرائیل پاشەکشە بکات و حکوومەتێکی نوێی فەلەستینی پێکبهێنرێت.
بەپێی رێککەوتنەکە، دەبێت چەکەکانی دەستی حەماس رادەستی لیژنەی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی غەززە بکرێت کە لە لایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، هەروەها پرۆسەی لەناوبردنی چەکە قورسەکان و تونێلەکان بەستراوەتەوە بە گەیشتنی هێزە نێودەوڵەتییەکان و پاشەکشەی پلەبەندی ئیسرائیل.
چاودێران پێیان وایە ئەستەمە ئیسرائیل پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەم پاشەکشەی گەورە بکات یان سازش بکات، چونکە بنیامین ناتانیاهۆ لە لایەن هاوپەیمانە راستڕەوەکانیەوە گوشارێکی زۆری لەسەرە بۆ ئەوەی هێزەکانی لە غەززە بهێڵێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، هەندێک سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرایان کردووە، ئیسرائیل داوای کردووە مافی ئەوەی هەبێت لە کاتی پێویستدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە غەززە ئەنجام بدات، سەرەڕای واژۆکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوە، ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی غەززە بە پاساوی لێدانی بنکە و ژێرخانەکانی حەماس.