کەناڵ 12ـی ئیسرائیل: رێککەوتنی پێشنیاز کراوی ئەمریکا و ئێران بۆ 60 رۆژە

کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد، رێککەوتنێکی پێشنیازکراو لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە کە بۆ ماوەی 60 رۆژ دەبێت و چەندین خاڵی گرنگ لەخۆ دەگرێت، لەوانە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و کردنەوەی گەرووی هورمز.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی، رێککەوتنە پێشنیازکراوەکە بریتییە لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران لەسەر بنەمای یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی هاوبەش. هەروەها یەکێکی دیکە لە خاڵە سەرەکییەکان بریتییە لە راگەیاندنی ئاگربەست و کردنەوەی گەرووی هورمز بۆ ماوەی 60 رۆژ بەبێ وەرگرتنی هیچ جۆرە ڕسومات و باجێک.

کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوەش داوە، لە ئێستادا گفتوگۆکان دەربارەی وردەکارییە کۆتاییەکانی ئەو رێککەوتنە لەگەڵ تاران بەردەوامییان هەیە.

لە لایەکی دیکەوە، کەناڵەکە ئاشکرای کردووە، پێش ئەوەی بڕیاری ڕاگرتنی هێرشەکان (پەلامارەکان) بدرێت، ئیسرائیل بەشێک بووە لە پلانێکی سەربازیی داڕێژراو بۆ بەئامانجگرتنی بنکە و دامەزراوەکانی وزە لە نێو خاکی ئێراندا.

لەلایەکی دیکەوە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ئاماژەی بەوە کردووە، لێکتێگەیشتننامە واژۆکراوە نوێیەکە چەقی قورسایی پەیوەندییە دەرەکییەکانی وڵاتەکەی دەبێت لە داهاتوودا و ئاستی ئاسایشی ئێران، ناوچەکە و هاوپەیمانەکانیشیان بەرز دەکاتەوە.