راپۆرتێک: ئیسرائیل لە هەڵوەشاندنەوەی هێرشەکان سەر ئێران نیگەرانە

هەڵوەشاندنەوەی هێرشە سەربازییەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە دوا ساتدا، شەپۆلێکی توند لە بێهیوایی و ناڕەزایەتی لە ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانی ئیسرائیلدا دروستکردووە، لە کاتێکدا تاران هەر جۆرە لێکگەیشتنێکی نوێ رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت کە گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە.

یەکشەممە 2ـی ئابی 2026، بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی کانی ئیسرائیل، سەرچاوەیەکی ئەمنیی باڵا رایگەیاندووە، رەفتارە نادیارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە راگرتنی هێرشە بەرفراوانەکان بۆ سەر ئێران، گورزێکی گەورە لە پلانە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەدات و توانای ئۆپەراسیۆنیی هێزەکان پەکدەخات. 

ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت: "ئەمە دووەمجارە لە ماوەی یەک هەفتەدا، کاتێک ئەمریکا ئیسرائیل لە هێرشێکی گەورە ئاگادار دەکاتەوە کە دەکرێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهەژێنێت، بەڵام لە دوا ساتدا بێ هیچ روونکردنەوەیەک هەڵدەوەشێندرێتەوە. زۆر قورسە لە ژێر سایەی ئەم جۆرە رەفتارانەدا بتوانرێت بە جددی پلانی سەربازی بۆ داهاتوو دابڕێژرێت."

راپۆرتەکە باسی لەوەش کردووە، بەرپرسانی تەلئەڤیڤ ئێستا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ترەمپ گەیشتن بە رێککەوتنێکی سیاسیی بەلاوە باشترە لە زیادکردنی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا. هاوکات لە ناوەندە ئەمنییەکانی ئیسرائیلدا ترس هەیە لەوەی کە ئێرانییەکان تێگەیشتبێتن ترەمپ تا چەند لە جەنگی نوێ دوور دەکەوێتەوە، و کاریگەریی وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی شازادەی جێنشینی سعوودیە لەگەڵ ترەمپ بەسەر بڕیارەکانی کۆشکی سپییەوە زۆر گەورەترە لە کاریگەریی ئیسرائیل.

هەرچەندە ئاستی ئامادەباشیی سەربازی لە ناو ئیسرائیلدا بۆ ئاستێکی نزمتر کەمکراوەتەوە، بەڵام سوپا هێشتا چاوکراوەیە. ئەفسەرێکی باڵای سوپای ئیسرائیل بە کەناڵی 13ـی راگەیاندووە: "نابێت سەرنجمان لەسەر کێشە سەرەکییەکە لابدەین، کە ئەویش پرسی پەرەپێدانی ئەتۆمی ئێرانە، نەک تەنیا ململانێ لەسەر گەرووی هورمز."

لە لایەکی ترەوە، ڕۆژنامەنووسی ئیسرائیلی گای ئازریێل ئاشکرای دەکات کە سەرەڕای بێهیواییەکانی ئێستا، سەرچاوە زانیارییەکان لە ناو ئیسرائیلدا جەخت دەکەنەوە، بڕیارەکەی ترەمپ بە واتای کۆتاییهاتنی چیرۆکەکە نییە. بەپێی گوتەی سەرچاوەکان، هێرشە توندەکەی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی وزە و دامەزراوە هەستیارەکانی ئێران هێشتا لەسەر مێزی گفتوگۆیە. ئەوان پێیان وایە کە ئەمریکییەکانیش بە راستی بڕوایان بەوە نییە تاران بییەوێت بگاتە رێککەوتنی کۆتایی، بەڵکو تەنیا بۆ کاتی چانسی زیاتر دەدەنە دیپلۆماسی و لە کاتێکی گونجاودا هێرشەکە ئەنجام دەدەن.

لە بەرامبەردا، لایەنی ئێرانی بە توندی راپۆرتەکانی پەیوەست بە هەر جۆرە پێشکەوتن یان رێککەوتنێکی نوێی رەتکردەوە. ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێران بڵاوی کردەوە، دەنگۆی گەیشتن بە رێککەوتنی نوێ راست نییە و جەختی کردەوە کە "تا کاتێک ئەمریکا لە سەرکێشی و رەفتارە دوژمنکارییەکانی بەردەوام بێت، گەرووی هورمز بە داخراوی لەسەر کەشتییەکان دەمێنێتەوە." 

ئەمەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) رایگەیاندبوو، فەرمانی راگرتنی هێرشێکی سەربازیی گەورەی بۆ سەر ئێران دەرکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی لایەنی ئێرانی و چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوای دەرفەتیان کردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.