لە ئیدارەی راپەڕین زەوی بەسەر 148 فەرمانبەر دابەش دەكرێت
بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان و میدیاکان، پرۆسەی تیروپشکی دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی سنووری ئیدارەی راپەڕین دەستیپێدەکات کە ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24 لە ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند؛ کاتژمێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆ، لە مەراسیمێکی ئاشکرادا تیروپشک بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا ئەنجام دەدرێت. ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 142ی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانە، کە لە 27ـی ئاداری 2024 دەرچووە و تایبەتە بە سوودمەندبوونی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە زەوی نیشتەجێبوون.
سەبارەت بە وردەکاریی پرۆسەکە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، سەرەتا پرۆسەکە لە شارەدێی چوارقوڕنە دەستیپێدەکات. ئەو فەرمانبەرانەی بەگوێرەی سیستەمی خاڵبەندی لە نێوان 40 بۆ 70 خاڵیان هەبووە و ژمارەیان 148 فەرمانبەرە، ئەمڕۆ لە رێگەی تیروپشکەوە پارچە زەوییەکانیان بۆ دیاری دەکرێت.
هەرچەندە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە زۆربەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان پێشتر دەستیپێکردبوو، بەڵام لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بەهۆی هەندێک گرفتی تەکنیکی و یاساییەوە دواکەوت. هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنەکەش بۆ کێشەی تەرخانکردنی زەوی دەگەڕایەوە، بەوپێیەی بەشێکی زۆری ئەو زەوییانەی دەکەونە سنووری شارەوانییەکانی راپەڕین (سێ شارۆچکە و نۆ شارەدێ) زەوی کشتوکاڵیی بەراون و بەگوێرەی یاسا رێگە نادرێت ئەو زەویانە بکرێن بە زەوی نیشتەجێبوون.
ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی راپەڕین، چوار هەزار پارچە زەوییان بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا تەرخان کردووە. ئەمە جگە لە شارەوانی رانیە کە بەهۆی ئەوەی شارەوانییەکی پلە نایابە، راستەوخۆ سەر بە وەزارەتی شارەوانییە و رێکارەکانی تایبەت بە خۆی هەیە بەنموونە نزیکەی 10 هەزار فەرمانبەری هەیە و ناوی چوار هەزارییان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە.
پرۆسەی تیروپشکەکە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ڕاپەڕین، بەڕێوەبەری شارەدێی چوارقوڕنە و نوێنەری لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچوو، بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوودا پرۆسەکە شارەوانییەکانی دیکەی سنووری ئیدارەی راپەڕین بگرێتەوە.