ئەنساروڵڵای یەمەن: ترەمپ لە ترسی توانا سەربازییەکانی ئێران پاشەکشەی کرد

ئەندامێکی باڵای مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن (حووسییەکان) رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە ترسی هێز و توانای سەربازیی ئێران ناچار بووە لە هەڕەشەکانی پاشەکشە بکات.

حیزام ئەسەد، ئەندامی باڵای مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا، بە تانەوە گوتی: دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی "هەڕەشە بەتاڵەکانی" و پاشەکشە بەردەوامەکانی لە بەرامبەر ئێراندا.

حیزام ئەسەد لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی "ئەوەی ترەمپی ناچار کرد بەدوای ئاشتیدا بگەڕێت، تێگەیشتنی بوو لەو راستییەی کە ئێران لەبەرامبەر دۆخی لەرزۆکی سەربازیی ئەمریکا و دوای تێکچوونی بنکەکانی و دابەزینی توانای بەرگریی ئاسمانی، هێشتا توانایەکی بەرزی هەیە بۆ گەیاندنی زەرەر و زیانی گەورە بە ئیسرائیل، دارایی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئامراز و سەرچاوەکانی وزەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا."

حیزام جەختیشی کردەوە "کاتێک تێچووی رووبەڕووبوونەوە زیاد دەکات، زمانی هەڕەشەکردن دەگۆڕێت بۆ زمانی ئاشتیخوازی."

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، واشنتن لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئێران بۆ دیاریکردنی شێوازی گفتوگۆکان، گوتیشی "پێکەوە قسە لەسەر دانوستانەکان دەکەین کە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەست پێ دەکەین."

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکراشی کرد، واشنتن ئامادەکاریی کردبوو بۆ جێبەجێکردنی هێرشێکی سەربازیی یەکجار فراوان و گەورە بۆ سەر ئێران و دەشڵێت "ئۆپەراسیۆنەکە دەبووە گەورەترین هێرش لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە"، بەڵام بڕیاریداوە هێرشەکە رابگرێت و دەرفەت بە گفتوگۆ بدات، جەختیشی کردەوە سوپای ئەمریکا لە هەر کاتێکدا بیەوێت ئامادەیە بۆ جووڵەی سەربازی ئەگەر گفتوگۆکان بە خێرایی نەگەنە ئەنجام.