نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کوردستان24: پێویستە ئاشتەوایی لە شنگال بەدیبێت

جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند: هێنانەدیی ئاشتیی بەردەوام، پێویستی بە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە، ئارام و سەربەرزانەی ئاوارەکان.

ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند: لە دوازدەیەمین ساڵیادی پەلامارە دڕندانەکانی داعش بۆ سەر پێکهاتەی ئێزدی، رێز لە یاد و بیرەوەریی قوربانییان دەگرین و هاوخەمیی خۆمان بۆ رزگاربووان، خێزانی بێسەروشوێنکراوان و هەموو ئەوانە دەردەبڕین کە ژیانیان بە هۆی ئەو تاوانانەوە بۆ هەمیشە گۆڕا. 

هەروەها رایگەیاند: رێز لە خۆڕاگری و ئازایەتیی پێکهاتەی ئێزدی دەگرین و جەخت لە گرنگیی لێپرسینەوە، دادپەروەری و بەردەوامیی پشتگیرییەکان بۆ رزگاربووان دەکەینەوە.

گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان باسی لەوە کرد، هێنانەدیی ئاشتیی بەردەوام، پێویستی بە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە، ئارام و سەربەرزانەی ئاوارەکان، پێشخستنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و ئاشتبوونەوە لە شەنگال و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانی لەو شێوەیە هەیە.