ترەمپ: گەرووی هورمز لە ژێر کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەمریکادایە

سەرۆکی ئەمریکا بە توندی هێرشی کردە سەر سەرکردایەتیی ئێران و وەسفی کردن، هاوکات جەختی کردەوە کە گەرووی هورمز بە تەواوی لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزی دەریایی ئەمریکادایە و ڕێگە نادات تاران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی.

دووشەممە 3ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس)، سەرکردەکانی ئێرانی بە "فێڵباز و دووڕووی باوەڕپێنەکراو" ناوبرد و نووسیویەتی: "ئەوان داوای کۆبوونەوە دەکەن و تەنانەت لێی دەپاڕێنەوە، گفتوگۆکانیش دەستیان پێکردووە و کۆبوونەوەی زیاتریش لە داهاتوویەکی نزیکدا پلان بۆ داڕێژراوە، کەچی بە ئاشکرا و بە شانازییەوە دەڵێن هیچ گفتوگۆیەک ئەنجام نادەن و تەنیا لەگەڵ عوماندا مامەڵە دەکەن."

سەرۆکی ئەمریکا بەرپەرچی لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی تارانی دایەوە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز و ڕایگەیاند: "ئەوان قسەی بێمانای هەمیشەیی خۆیان دەڵێنەوە کە گەرووەکە بە بەهێزی بەڕێوەدەبەن، لە کاتێکدا ئەم ناوچەیە بە تەواوی لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکان و گەمارۆکەماندایە، کە هەندێک کەس پێی دەڵێن 'دیواری پۆڵاینی ئەمریکا'."

ترەمپ جەختی کردەوە، هیچ پێداویستییەک ناگاتە ئێران مەگەر ئەوەی واشنتن بییەوێت، و هیچ شتێکیش تێپەڕ نابێت مەگەر بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ یان "تەسلیمبوونی تەواوەتیی تاران".

سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "ئێران دانی پێدا بنێت یان نا، ئێمە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرکردنی کێشەیەک دەکەین کە ئەوان بۆ ماوەی چەندین دەیە دروستیان کردووە." لە کۆتاییدا هۆشدارییە توندەکەی خۆی دووبارە کردەوە و ڕایگەیاند: "بابەتەکە زۆر سادەیە، ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ناوەکی.