ئەمریکا بەرهەمهێنانی مووشەک زیاد دەکات

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) واژووکردنی چەند رێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای پیشەسازیی سەربازی "نۆرسرۆپ گرومان" و "لۆکهید مارتن"  بۆ پەرەپێدان و زیادکردنی مووشەکەکانی پاتریۆت و تاد راگەیاند. 

دووشەممە 3ـی ئابی 2026، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، رێکارە نوێیەکان ئامانجیان فراوانکردنی تواناکانی بەرهەمهێنانی پارچە سەرەکییەکانی مووشەکە جەنگیەکانە بۆ سیستەمەکانی "تاد" و "پاتریۆت پاک-3"، هەروەها رێککەوتنەکان گەرەنتییەکی درێژخایەن بۆ دابینکەرە سەرەکییەکان دەستەبەر دەکەن، ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ زیادکردنی قەبارەی بەرهەمهێنان.

راپۆرتە فەرمییەکەی وەزارەتی جەنگ ئاماژە بەوە دەکات، ئەم تێگەیشتنانە دەبنە هۆی سێ هێندە زیادکردنی بەرهەمهێنانی مووشەکەکانی "پاتریۆت پاک-3" و چوار هێندە زیادکردنی مووشەکە جەنگیەکانی سیستەمی "تاد"، رێگری لە کورتهێنانی چەک و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی سوپای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، پاڵنەری سەرەکیی ئەم هەنگاوە ستراتیژییەن، ئاماژە بەوەش کراوە، رێککەوتنەکان وەک وەڵامێکی خێرا بۆ گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی جیهان و زیادبوونی مەترسییە مووشەکییەکان ئەنجامدراوە.

رەوشی ئاسایشی جیهان لە ئێستادا بەهۆی جەنگی ئۆکرانیا، ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشە بەردەوامەکانی چین لە ناوچەی زەریای ئارام، وایکردووە خواستی زۆر لەسەر سیستەمە جەنگیەکان دروست بێت، بۆیە رۆڵی سیستەمی پاتریۆت و تاد  لە پاراستنی ئاسمانیی هاوپەیمانانی ئەمریکا لە بەرامبەر مووشەکە بالیستی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا، وەک بڕبڕەی پشتی جەنگی ئاسمانیی مۆدێرن دادەنرێت.

رەوتی رووداوەکان و هێرشە مووشەکییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە نیشانیاندا کە کۆگاکانی چەک پێویستیان بە نوێکردنەوە و زیادکردنی خێرا هەیە، رێککەوتنەکانی پێنتاگۆن تەنها بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکانی ئەمریکا نییە، بەڵکو پەیامێکی روونە بۆ نەیارەکانی واشنتن کە ئەمریکا ئامادەیە بۆ ململانێی درێژخایەن و دەیەوێت باڵادەستیی تەکنەلۆژیی خۆی لە بواری جەنگی ئاسمانیی جیهانیدا بپارێزێت، هەروەها ئەم زیادکردنە چەند هێندەییە لە بەرهەمهێنان، گەورەترین گۆڕانکارییە لە هێڵی بەرهەمهێنانی سەربازیی ئەمریکا لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ساردەوە.