وەزیرانی دەرەوەی ئێران و پاکستان دۆخی سەقامگیریی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

وەزارەتەکانی دەرەوەی ئێران و پاکستان لە دوو راگەیەندراوی جیاوازدا وردەکاریی گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیی نێوان وەزیرانی دەرەوەی تاران و ئیسلامئابادیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا جەخت لەسەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و تاوتوێکردنی دۆخی قودسی رۆژهەڵاتی داگیرکراو کراوەتەوە.

دووشەممە 3ـی ئابی 2026، بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، محەممەد ئیسحاق دار، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجام دا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لەم گفتوگۆیەدا، هەردوولا بیروڕایان سەبارەت بە دوایین پەرەسەندنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی لە قودسی رۆژهەڵاتی داگیرکراو. هاوکات، وەزیری دەرەوەی پاکستان بە فەرمی بانگهێشتی هاوتا ئێرانییەکەی کرد تاوەکو لە زووترین کاتی گونجاودا سەردانی فەرمیی ئیسلامئاباد بکات.

لە لایەکی ترەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە ئێوارەی دوێنێ ئەنجامدراوە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵاتی دراوسێ، لە پاڵ پێداچوونەوە بە گۆڕانکارییە دیپلۆماسییە بەردەوامەکان، جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی هاوکارییەکان و راوێژە نزیکەکانی نێوانیان کردەوە، بەو ئامانجەی کە ئاشتی و سەقامگیریی هەمیشەیی بۆ ناوچەکە بگەڕێننەوە.