دیالە؛ پێنج فەرمانبەری باج بە تۆمەتی بەهەدەردانی دوو ملیار دینار دەستگیر کران

دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی، پەردە لەسەر دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی لە پارێزگای دیالە لادا و دەستگیرکردنی پێنج فەرمانبەری لە لقی باجی پارێزگاکە راگەیاند.

به‌گوێره‌ راگه‌یه‌ندراوی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی، تۆمەتبارەکان بەهۆی وەرنەگرتنی باجی شایستە لە مەیدانی ئاژەڵان و عەلوەی میوەی پارێزگاکە، بوونەتە هۆی بەهەدەردانی نزیکەی دوو ملیار دینار لە سامانی گشتی.

دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کرد، رێکارە یاساییەکانیان ئەنجامی ئەرێنی هەبووە و توانراوە بڕی 703 ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێنرێتەوە. هاوکات بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی هەشت باجدەری دیكه‌ش دراوە، کە نەیانویستووە شایستە داراییەکان بدەن.

لە ئێستادا، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی بەعقووبە، بەپێی ماددەی 341 لە یاسای سزادانی عێراقی، بڕیاری راگرتنی بۆ هەر پێنج فەرمانبەرە تۆمەتبارەکە دەرکردووە.