ئیسرائیل سوورە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی 65%ـی کەرتی غەززە
بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل ناڕەزایەتیی توند دژی پلانی بڵاوکراوەی ئەنجوومەنی ئاشتی بۆ غەززە نیشان دەدەن و وەزیری دارایی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت کە پلانەکە پێچەوانەی ئامانجەکانی جەنگە، لە کاتێکدا تەلئەڤیڤ پێداگری لەسەر هێشتنەوەی کۆنتڕۆڵی سەربازیی خۆی بەسەر 65%ـی کەرتی غەززەدا دەکات.
دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە کەناڵی سی بی ئێسی رایگەیاند سوپای ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک لە پێگەکانی ئێستای لە کەرتی غەززە پاشەکشە ناکات و بەردەوام دەبێت لە لەناوبردنی هەر جۆرە هەڕەشەیەک بۆ سەر هاووڵاتییان و سەربازەکانی.
هاوکات، بەتسەلیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل، ئەنجوومەنی ئاشتیی غەززە تۆمەتبار کرد بە بڵاوکردنەوەی پلانێک کە پێشتر پیشانی وەزیرەکانی کابینە نەدراوە و دەنگی لەسەر نەدراوە. بەم هۆیەشەوە خۆی و ئۆریت سترۆک، وەزیری نیشتەجێکردن و نیشتەجێبوون، داوای بەستنی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کابینەی سیاسی و ئەمنییان کردووە.
سمۆتریچ روونیکردەوە، دەقی بڵاوکراوە رێگە بە پاشەکشەی سوپای ئیسرائیل دەدات پێش تەواوبوونی پڕۆسەی چەکداماڵینی غەززە، دەسەڵات دەداتە هێزە فرەنەتەوەییەکان کە کارەکانی سوپا سنووردار بکەن، سەرەڕای ئەوەی پرسی غەززەی بە مەرجی چەکداماڵینەوە نەبەستووەتەوە و دۆسیەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینیشی وەک ئامانجێکی سیاسیی نوێ وروژاندووەتەوە؛ گوتی: "رێگە نادەین پلانێک جێبەجێ بکرێت کە پێچەوانەی ئامانجەکانی جەنگ بێت و دەستکەوتەکانی سەربازەکانمان بسڕێتەوە."
ئەم توندبوونەوەی هەڵوێستانە هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ نیکۆلای مێلادینۆڤ، نوێنەری باڵای ئەنجوومەنی ئاشتی لە غەززە و ئاریێ لایتستۆن، راوێژکاری باڵا، بە مەبەستی رازیکردنیان بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکی و ئەندامانی ئەنجوومەنەکەوە گواستییەوە کە ئەوان بێهیوایی خۆیان لە هەڵوێستی ئیسرائیل دەربڕیوە و جەختیان کردووەتەوە کە تەلئەڤیڤ چەندین مانگە ئاگاداری مەرجەکانی پلانەکە بووە.
لە لایەکی دیکەوە، بزووتنەوەی حەماس پێشتر رەزامەندیی نیشاندابوو کە چەکە قورسەکانی بخاتە ناو قۆناخی دووەمی رێککەوتنی ئاگربەست، بەو مەرجەی هێرشەکانی ئیسرائیل رابگیرێن، سوپا پاشەکشە بکات، ئاوەدانکردنەوە دەستپێبکات و هێزێکی پاراستنی نێودەوڵەتی بڵاوەی پێ بکرێت.
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل پێداگری لەسەر هێشتنەوەی هێزەکانی لەسەر بنەمای ناسراو بە "هێڵی زەرد" دەکات، کە بەردەوامیی کۆنتڕۆڵی سوپا بەسەر 65%ـی کەرتی غەززەدا مسۆگەر دەکات تا ئەو کاتەی چەک لە حەماس و تێکڕای کەرتی غەززە دەماڵدرێت.
رۆژی هەینی ئەنجوومەنی ئاشتی غەززە نەخشەڕێگایەکی 15 خاڵی نوێی بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی پلانی ئاشتیی هەمەلایەنەی دۆناڵد ترەمپ، لە غەززەدا بڵاوکربووەوە، کە تێیدا رێکارەکانی کشانەوەی تەواوی سوپای ئیسرائیل، رادەستکردنی کەرتی ئەمنی و کارگێڕیی غەززە بە لێژنەی نیشتمانی، و دابینکردنی 400 ملیۆن دۆلار بۆ قەرەبووکردنەوەی لایەنە زیان لێکەوتووەکان لەخۆدەگرێت.
هەر بەرەبەیانی هەمان رۆژ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەیشتن بە رێککەوتنێکی "مێژوویی" بۆ چەکداماڵینی تەواوەتیی بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە کەرتی غەززە راگەیاندبوو، ئەم هەنگاوەش وەک بەشێک لە جێبەجێکردنی "پلانی 20 خاڵیی ترەمپ" بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت.
هەروەها غازی حەمەد، سەرکردە لە بزووتنەوەی حەماس، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس، دووپاتی کردەوە، رەزامەندیی بزووتنەوەکەیان بۆ رێککەوتنی ئاشتیی گشتگیر، دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە فەڵەستینییەکان هاتووە و ئامانجی سەرەکی پاراستنی گەلی فەڵەستینە. ئاماژەی بەوەش کرد، حەماس سازشی سیاسی پێشکەش کردووە؛ بەڵام دەستبەرداری پرۆژە نیشتمانییەکەی نابێت.
ئەنجوومەنی ئاشتی
پێنجشەممە، 19ـی شوباتی 2026، لە یەکەم کۆبوونەوەی "ئەنجوومەنی ئاشتی" لە واشنتن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، کە ئیدارەکەی 10 ملیار دۆلار لە رێگەی ئەنجوومەنەکەوە پێشکەش بە غەززە دەکات. هەروەها ئاشکرای کردبوو کە 9 وڵاتی هاوپەیمان بەڵێنیان داوە بە بڕی 7 ملیار دۆلار بەشداری لە پاکێجی فریاگوزاریی غەززەدا بکەن.
پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (داڤۆس) واژۆی لەسەر پەیماننامەی دامەزراندنی "ئەنجوومەنی ئاشتی" کرد.
سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا ئاماژەی دابوو، "ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی، ئامانجمان کۆتاییهێنانە بەو ململانێیانەی کە هەندێکیان زیاتر لە 35 ساڵە بەردەوامن، هەروەها ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگی نوێ و چەسپاندنی سەقامگیری."
لە لایەکی دیکەوە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی (ئیمارات، تورکیا، میسر، ئوردن، ئیندۆنیزیا، پاکستان، سعوودیە و قەتەر) لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا کە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بڵاوی کردبووەوە، پێشوازییان لە بانگهێشتەکەی ترەمپ کرد بۆ پەیوەستبوون بە "ئەنجوومەنی ئاشتی".