وەزارەتی کارەبا: لەمڕۆوە هاووڵاتییان دەتوانن قەرزەکانیان بە نیوەی نرخ بدەنەوە

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری لێخۆشبوونی 50% لە قەرزی کۆنی کارەبا کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و هاووڵاتییان 37 رۆژیان هەیە بۆ سوودمەندبوون لەم دەرفەتە. جەختیشی کردەوە، بڕی پارەی کۆکراوە دەخرێتە خزمەت پڕۆژەی ڕووناکی و چاککردنی تۆڕەکانی کارەباوە، هاوکات هۆشداریشی دا لە پڕۆژەی رووناکیدا هەر هاوبەشێک لە ماوەی 50 رۆژدا پارەی پسوولەکەی نەدات، کارەباکەی بە ئۆتۆماتیکی دەبڕدرێت.

دووشەممە 3ـی ئابی 2026، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ئەمڕۆوە بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزی کۆنی کارەبا پێش پرۆژەی رووناکی بە رێژە %50 چووە واری جێبەجێکردنەوە و زیاتر لە 13 هەزار هاووڵاتی لە رێگەی ئی پسوولەوە قەرزەکانیان داوەتەوە.

سەبارەت بەو هاووڵاتییانەی هەژماری بانکیان نییە، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان گوتی: لە ماوەی کە بۆ دانەوەی قەرزەکە دیاری کراوە کە 37 رۆژە، دەتوانن هەژماری بانکی بکەنەوە، ئەگەر کەسێک نەیتوانی دروستی بکات، ئەوا لە رێگەی کەسێکی نزیکی خۆی دەتوانن پارەکە بدات؛ ئاماژەشی دا، ئەگەر ئەوانە هیچی نەکرا، رەنگە وەزارەت بە کاش لێیان وەربگرێت.

ئومێد ئەحمەد باسی لەوەش کرد، لە 80% هاووڵاتییان قەرزێکی کەمیان لەسەرە ماوەتەوە، کە لەو رێژەیەش 50% هاوبەشانی کارەبا قەرزەکەیان نزیک 150 هەزارە.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان گوتیشی: بۆیەکەم جارە لە هەرێمی کوردستان بە رێژە %50 لێخۆشبوون دابنرێت، بۆیە هیوادارم هاووڵاتییان لە ماوەی دیاری کراوە سوودی لەم دەرفەتە زێڕینە وەربگرن و قەرزەکانیان بدەنەوە.

هەروەها سەبارەت بە میکانیزمەکانی دوای ئاو ماوەیەی دیاری کراوە هاووڵاتییان سوودیان لێ وەرنەگرت، ئاماژەی دا، هێشتا هیچ بڕیارێک نەدراوە، بەڵام ئەنجوومەنی وەزارەت دوای ئەو ماوەیە کۆدەبنەوە و بڕیاری خۆیان دەدەن.

گوتیش: ئەو قەرزەی کە دەدرێتەوە، دەخرێتە نێو پرۆژەی رووناکی، بۆ ئەوەی لە چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان و تۆڕەکان و فراوانکردنی پرۆسەکە سەرف بکرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە بارەی قەرزی پرۆژەی رووناکی دووپاتی کردەوە، هەر هاوبەشێک لە ماوەی 50 رۆژ پارەکەی نەدات، ئەوا بە ئۆتۆماتییکییەن کارەبای لەسەر دەبڕدرێت؛ دوای ئەوە قەرزەکەی داوە، لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر کارەباکەی دەگەڕێتەوە.