قەتەر، میسر و تورکیا داوای سەرخستنی پلانی ئاشتیی ترەمپ لە غەززە دەکەن

وڵاتانی نێوەندگیر, قەتەر، میسر و تورکیا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا بە توندی سەرکۆنەی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئیسرائیلیان لە کەرتی غەززە کرد، بەتایبەت بە ئامانجکردنی نەخۆشخانەکان، و داوای جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئاگربەست و پاراستنی پلانی ئاشتیی سەرۆکی ئەمریکایان کرد.

دووشەممە 3ی ئابی 2026، قەتەر، میسر و تورکیا، لە چوارچێوەی رۆڵی خۆیان وەک وڵاتانی نێوەندگیر لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، بە توندی سەرکۆنەی بەردەوامیی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل دەکەن لە کەرتی غەززە، بەتایبەت بە ئامانجکردنی بە مەبەستی دامەزراوە تەندروستییەکان و ژێرخانی پزیشکی، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە نێوانیاندا ژنان و منداڵان. نێوەندگیرەکان جەخت دەکەنەوە ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتین.

وڵاتانی نێوەندگیر پێداگری دەکەن کە پێویستە ئیسرائیل پابەندی مەرجەکانی رێککەوتنی ئاگربەست بێت؛ هۆشداری دەدەن بەردەوامیی ئەم پێشێلکارییانە دەبێتە هۆی تێکدانی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی رێککەوتنەکە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماس و لایەنە فەلەستینییەکان رەزامەندیی خۆیان لەسەر نەخشەرێگاکە نیشانداوە بەتایبەت بەندەکانی تایبەت بە سنووردارکردن و کۆنترۆڵکردنی چەکەکان.

هەروەها قەتەر، میسر و تورکیا، رایانگەیاند، ئەم پێشێلکارییانە رێڕەوی هێورکردنەوەی دۆخەکە تێکدەدەن و مەینەتییەکانی هاووڵاتییانی مەدەنی لە غەززە قورستر دەکەن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە نێوەندگیرەکان داوای خۆیان بۆ مسۆگەرکردنی پاراستنی تەواوی هاووڵاتیانی مەدەنی، کارمەندانی تەندروستی و مرۆیی، و دابینکردنی رێڕەوی ئارام و بێ بەربەست بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆیی و پزیشکییەکان بۆ سەرانسەری کەرتی غەززە نوێکردەوە .

لە راگەیەندراوەکەدا ، سێ وڵاتە نێوەندگیرەکە داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵبگرێت و فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوەکو جێبەجێکردنی پلانی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مسۆگەر بکرێت.

ئاماژەیان بەوە کردووە، ترەمپ گەیشتن بە سازان لەسەر نەخشەڕێگای قۆناخی دووەمی وەک "رێککەوتنێکی مێژوویی" وەسف کردووە، بۆیە پێویستە رێگری بکرێت لە هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئەم هەوڵانەی کە ئامانجیان گەیشتنە بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و کۆتاییهێنان بە مەینەتییەکانی خەڵکی کەرتی غەززە.