نەجمەدین غوڵامی: نوێترین بەرهەمم بە ناوی "تەمەن" پەیامێکە بۆ قبووڵکردنی پیری

نەجمەدین غوڵامی، هونەرمەندی ناسراوی کورد، نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی "تەمەن"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ، کە بەرهەمی هونەری ناوەندی زەنێیە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هەوڵم داوە تێکست و ئاواز و ڤیدیۆکلیپەکە بە شێوەیەک بێت کە هەر گوێگر و بینەرێک بتوانێت خۆی لە ناو ئەو چیرۆکەدا ببینێتەوە و هەست بکات ئەم بەرهەمە باس لە ژیانی خۆی دەکات."

ئەمڕۆ سێشەممە، 4ی ئابی 2026، نەجمەدین غوڵامی، هونەرمەندی ناسراوی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، " گۆرانی "تەمەن"، لەسەر هۆنراوەیەکی جوانی مازیار فایەق دروست بووە، منیش ئاوازەکەم بۆ داناوە، هەروەها ئامادەکردن و دابەشکردنی موزیکەکە لەلایەن زامیار نامۆ ئەنجامدراوە و هەوڵم داوە بەرهەمێک پێشکەش بکەم، پەیام و هەستێکی قووڵی مرۆیی بگەیەنم."

گوتیشی، "ناوەڕۆکی تەمەن لەسەر ئەو راستییە بنیات نراوە کە هەموو مرۆڤێک، بێ جیاوازی، لە قۆناخەکانی تەمەندا تێدەپەڕێت و دەگاتە قۆناخی پیری. بۆیە هەوڵم داوە تێکست و ئاواز و ڤیدیۆکلیپەکە بە شێوەیەک بێت کە هەر گوێگر و بینەرێک بتوانێت خۆی لە ناو ئەو چیرۆکەدا ببینێتەوە و هەست بکات ئەم بەرهەمە باس لە ژیانی خۆی دەکات."

نەجمەدین غوڵامی باس لە پەیامی ئەو بەرهەمە نوێیەی دەکات و دەڵێت، "ئەم گۆرانییە پەیامێکی روونی هەیە، ئەویش ئەوەیە پیری نابێت وەک کۆتایی لێی بڕوانرێت، بەڵکو قۆناخێکە پڕ لە ئەزموون، بیرەوەری و دانایی. هەر تەمەنێک جوانی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، و تەمەنی پیریش بە هەموو ئەو ئەزموونانەی کە لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت، جوانییەکی جیاوازی هەیە و شایستەی رێز و بایەخدانە."

نەجمەدین غوڵامی ئاماژەی بەوەش دا، "گۆرانی "تەمەن"، جیاوازیی لەگەڵ بەرهەمەکانی پێشووم، تەنیا لە شێوازی ئاوازدانان و میوزیکەکەدایە. رەنگ و هەستی میوزیک بە شێوەیەک هەڵبژێردراوە کە لەگەڵ پەیامی گۆرانییەکە یەک بگرێت و کاریگەرییەکی زیاتر لەسەر گوێگر جێبهێڵێت. راستە پێشتر هونەرمەندانی دیکەش گۆرانییان لەسەر تەمەن گوتووە، بەڵام پێموایە ئەم بەرهەمە، لە رووی شیعر، ئاواز و موزیکەوە، ناسنامە و چێژێکی تایبەتی خۆی هەیە."

نەجمەدین غوڵامی، هونەرمەندی ناسراوی کورد، لە ساڵی 1958 لە گەڕەکی گوڵشەنی شاری سنەی رۆژھەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. لە تەمەنی 18 ساڵییەوە لە رێگەی رادیۆی سنە و کرماشانەوە دەستی کردووە بە گۆرانیوتن. نەجمەدین غوڵامی ھەر لە منداڵییەوە خولیای گۆرانیگوتن بووە و لەژێر کاریگەری گۆرانییەکانی باوکی و مامیدا کە ھەردووکیان دەنگخۆشی سەردەمی خۆیان بوون، چووەتە ناو دونیای ھونەرەوە. غوڵامی بەیارمەتی ھونەرمەندی مەزن و کۆچکردووی کورد "عەباسی کەمەندی"،  لە کۆشکی لاوانی سنە یەکەم بەرھەمی خۆی تۆمار کردووە و  تا ئێستا 23 ئەلبوومی بڵاوکردۆتەوە.