نزیکەی پێنج ملیۆن زیارەتکار بۆ چلەی ئیمام حوسێن گەیشتوونەتە کەربەلا
حکوومەتی عێراق بڕی 52.5 ملیار دینار بودجەی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە
ملێۆنان کەس لە سەرتاسەری عێراق و وڵاتانی جیهانەوە، یادی چلەی ئیمام حوسێن لە پارێزگای کەربەلا زیندوو دەکەنەوە. بەگوێرەی دوایین ئاماری شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، تاوەکو شەوی رابردوو، ژمارەی ئەو زیارەتکاری بیانیی کە بۆ ئەم یادە چوونەتە ناو خاکی عێراق گەیشتووەتە 4,887,660 کەس.
هێزە ئەمنییەکان و لایەنە خزمەتگوزارییەکان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ رێکخستنی هاتوچۆ و دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکان. لەو چوارچێوەیەدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ رایگەیاند، 16,000 ئەفسەر و کارمەند بەشدارن لە جێبەجێکردنی پلانی رێکخستنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکان لە ناوەوە و دەرەوەی کەربەلا.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پارێزگای کەربەلا بە میدیاکانی راگەیاند، قەرەباڵغی زیارەتکاران لە شەوی دووشەممەوە گەیشتووەتە لووتکە و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە بەردوام بێت. ئاماژەی بەوەش کرد، تەواوی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاوی خواردنەوە، کارەبای بەردەوام و پێداویستییە پزیشکییەکان بە شێوەیەکی رێکوپێک دابینکراون.
یادی چلە، کە 40 رۆژ دوای کوژرانی ئیمام حوسێن (نەەوەی پێغەمبەری ئیسلام) لە جەنگی کەربەلادا بەڕێوەدەچێت، یەکێکە لە گەورەترین بۆنە ئایینییەکانی پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە لە جیهاندا و ساڵانە لە یادی کوژرانی ملیۆنان کەس روو لە مەزارەکەی دەکەن.
ئاماری ژمارەی زیارەتکاران لە 10 ساڵی رابردوودا
بەگوێرەی داتاکانی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)، ئاماری زیارەتکارانی ئەمساڵی چلەی ئیمام حوسێن بەراورد بە 10 ساڵی رابردوودا نزمبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بە جۆرێک لە ساڵی 2016دا ژمارەی زیارەتکاران 11,210,367 کەس بووە، بەڵام ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2022دا بازدانی گەورەی بەخۆوە بینی و گەیشتە 21,198,640 کەس. لووتکەی ئامارەکان لە ساڵی 2023دا تۆمارکراوە کە گەیشتە 22,019,146 زیارەتکار. بەپێی ئامارەکە، لە ساڵانی 2024 و 2025 ژمارەی سەردانیکاران لە 21 ملیۆن کەس جێگیر بوون، کە ئەمەش نیشانەی بایەخی بەردەوام و روو لە زیادبوونی ئەم رێوڕەسمە ئایینییەیە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.

تێچووی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن
بۆ بەڕێوەبردنی ئەم لۆجستییە زەبەلاحە، حکوومەتی عێراق بودجەیەکی تایبەتی بە بڕی 52.5 ملیار دینار تەرخان کردووە. ئەم بودجەیە بۆ پشتگیریکردنی مەزارگەکان (عەتەبات) و لایەنە پەیوەندیدارەکان تەرخانکراوە، هەروەها وەک بەشێک لە پلانی گواستنەوە، 2400 پاسی گەورە بە کرێ گیراون بۆ گواستنەوەی بێبەرامبەری زیارەتکاران لە نێوان شارەکان و دەروازە سنوورییەکاندا.
سێکتەری ئەمنی: جووڵاندنی زیاتر لە 100 هەزار کارمەندی ئەمنی و دابینکردنی سووتەمەنی و لۆجستی بۆیان.
خزمەتگوزارییەکان: تێچووی زیادەی کارەبا، ئاوی خواردنەوە و پاککردنەوەی شارەکان (کە تەنیا لە کەربەلا رۆژانە هەزاران تۆن خاشاک کۆدەکرێتەوە).
گواستنەوە: وەزارەتی گواستنەوە و بەرگری سەدان پاس و بارهەڵگر بە خۆڕایی بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران بەکار دەهێنن.
تەندروستی: دابینکردنی دەرمان و تیمی پزیشکی و نەخۆشخانەی مەیدانی لەسەر رێگاکان.
داهاتەکان (ئەوەی بۆ گەنجینەی دەوڵەت و بازاڕ دەگەڕێتەوە)
بە پێچەوانەی حەج لە سعوودیە، رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن لە عێراق داهاتێکی گەورەی بۆ دەوڵەت نییە بەهۆی ئەم هۆکارانە:
لێخۆشبوون لە ڤیزا: عێراق و ئێران رێککەوتنیان هەیە بۆ لێخۆشبوون لە تێچووی ڤیزا بۆ گەشتیارانی یەکتر، ئەمەش داهاتێکی گەورەی دەوڵەت کەمدەکاتەوە کە دەکرا لە 5 ملیۆن گەشتیاری بیانی دەستبکەوێت.
سیستەمی "مەوکب": بەهۆی بوونی هەزاران "مەوکب" کە خواردن و مانەوە بە خۆڕایی پێشکەش دەکەن، داهاتی ئوتێل و چێشتخانەکان وەک پێویست نییە، چونکە زۆربەی سەردانکەران پارە بۆ خواردن و خەوتن خەرج ناکەن.
دیمەنی دابەشکردنی خۆراک بەخۆڕایی بەسەر زیارەتکارانداهاتی نافەرمی: داهاتەکان زیاتر لە کەرتی تایبەتدا دەردەکەون، وەک فرۆشتنی سیمکارت، گواستنەوەی تایبەت، و کڕینی کەلوپەل لە بازاڕە ناوخۆییەکان کە دەبێتە هۆی بوژانەوەی بازاڕی شارەکانی کەربەلا و نەجەف.
کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی: هێڵی ئاسمانی عێراقی و فڕۆکەخانەکانی نەجەف و بەغدا داهاتێکی باشیان لە رێگەی گەشتە ئاسمانییەکانەوە دەستدەکەوێت.
زۆربەی پسپۆڕانی ئابووری پێیان وایە کە "تێچووی خزمەتگوزاری و ئەمنی" بۆ دەوڵەتی عێراق زۆر زیاترە لەو "داهاتە راستەوخۆیەی" کە دەچێتە گەنجینەی حکوومەتەوە. ئەم یادە زیاتر وەک "ئابوورییەکی خێرخوازی و جەماوەری" دەبینرێت نەک سەرچاوەیەکی داهات بۆ بودجەی گشتی وڵات.
