ئەمریکا سوپایەکی رۆبۆتی پێکدەهێنێت
رۆژنامەی ئیندیپێندێنتی ئەمریکی رایگەیاند؛ کۆمپانیایەکی ئەمریکی بە ناوی فاوەندەیشن (Foundation) سەرقاڵی پەرەپێدانی رۆبۆتێکی مرۆییە کە نرخەکەی 150 هەزار دۆلارە و تایبەتە بە ئەنجامدانی ئەرکە مەترسیدارەکان لە بەرەکانی جەنگدا.
ئەم رۆبۆتە تەنیا ئامێرێکی ئاسایی نییە، بەڵکو دیزاین کراوە بۆ ئەوەی هەمان ئەو تفەنگە هەڵبگرێت کە سەربازەکان بەکاری دەهێنن. توانای هەیە بە خێرایی 6.5 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بڕوات و زیاتر لە 20 کیلۆگرام کەرەستەی سەربازی بگوازێتەوە. یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەم رۆبۆتە بریتییە لە "پاککردنەوەی باڵەخانەکان" لە مەترسی پێش ئەوەی هیچ سەربازێکی مرۆڤ پێ بنێتە ناو شوێنە تاقینەکراوەکانەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئیندیپێندێنت، کۆمپانیای فاوەندەیشن پێشتر گرێبەستی بە بڕی 24 ملیۆن دۆلار لەگەڵ سوپا، هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی ئەمریکا واژۆ کردووە. پلانەکە بەو شێوەیەیە کە ئەمساڵ 50 یەکە بەرهەم بهێنرێت، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو ژمارەکە بۆ 10 هەزار یەکە بەرز بکرێتەوە، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2027 بگاتە 50 هەزار رۆبۆتی سەربازی.
خاڵێکی گرنگ کە زۆر کەس بە هەڵە تێی گەیشتوون ئەوەیە کە ئایا ئەم رۆبۆتانە خۆیان بڕیاری کوشتن دەدەن؟ وەڵامەکە نەخێرە. پرۆتۆکۆڵە سەربازییەکان جەخت دەکەنەوە، دەبێت مرۆڤ بڕیاری کۆتایی لەسەر هەر هێرشێک بدات. ئامانجی راستەقینەی ئەم تەکنەلۆژیایە جێگرتنەوەی سەربازەی راستەقینەیە کە وەک یەکەم کەس هەڵکوتێتە سەر شوێنی مەبەست.
زیاتر لە 10ساڵ لەمەوبەر، جەنەڕاڵێکی سوپای ئەمریکا پێشبینی کردبوو، تا ساڵی 2030، رۆبۆتەکان جێگەی چارەکێکی سەربازە شەڕکەرەکان دەگرنەوە. هەرچەندە ئەو پێشبینییە هێشتا بە تەواوی نەهاتووەتە دی، بەڵام ئەمە نیشانی دەدات، کێشەکە لە ئاڕاستەی تەکنەلۆژیاکە نییە، بەڵکو لەو کاتەیە کە پێویستییەتی بۆ جێبەجێکردن.
چیرۆکەکە تەنیا جێگرتنەوەی سەرباز بە رۆبۆت نییە، بەڵکو ستراتیژییەکی نوێی سەربازییە: خەرجکردنی 150هەزار دۆلار بۆ ئەوەی چیتر مرۆڤ یەکەم کەس نەبێت کە بەرەو رووی مەرگ دەچێت لە کاتی هەڵکوتانە سەر شوێنە مەترسیدارەکان.