گواستنەوەی بنکەی دەنگدان دەستیپێکرد

سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیاند، دەرگای گواستنەوەی بنکەی دەنگدان لە بنکەیەکەوە بۆ بنکەیەکی دیکە کراوەتەوە و هەر دەنگدەرێکی ئارەزوو دەکات بنکەی دەنگدانی بگۆڕێت دەتوانێت سەردانی بنکەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24 ـی راگەیاند، گواستنەوەی بنکەی دەنگدان تەنیا لە چوارچێوەی یەک پارێزگایە و دەنگدەر ناتوانێت بنکەی دەنگدانی لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە بگوازێتەوە، بۆ نموونە دەنگدەر ناتوانێت بنکەی دەنگدانی لە سنووری بازنەی هەولێر بۆ سلێمانی بگوازێتەوە یان بە پێچەوانەوە.

گوتیشی، پرۆسەکە تا مانگێک پێش ماوەی دیاریکراوی هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت و رۆژانە لە کاتژمێر هەشت و نیوی بەیانی تاوەکو سێی دوای نیوەڕۆ بنکەکان کراوەن و دەنگدەر دەتوانێت سەردانیان بکات. سەبارەت بە مەرجەکانی گواستنەوەی بنکەی دەنگدان، نەبەرد عومەر گوتی، پێویستە دەنگدەر کارتی دەنگدان، کارتی نیشتمانی و زانیاری پێبێت و کۆمسیۆن رێکارەکانی بۆ تەواو دەکات.

هەروەها لەبارەی تۆمارکردنی دەنگدەری نوێ سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، تۆمارکردنی دەنگدەرانی نوێ و لەدایکبووانی ساڵی 2008 چوار مانگە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 هەزار کەس تۆمارکراون.

لای خۆیەوە جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و بە کوردستان24 ـی گوت، پرۆسەی گواستنەوەی بنکەی دەنگدان کراوەتەوە و تەنیا لە رۆژانی هەڵبژاردن ناکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی نیسانەوە تۆمارکردنی دەنگدەری نوێ دەستیپێکردووە و بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لەدایکبووانی ساڵی 2008 دەتوانن دەنگ بدەن.