عەزیز ئەحمەد: داشکاندنی 50% قەرزی کارەبا یەکجارە و دووبارە ناکرێتەوە

عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیاری لێخۆشبوون و داشکاندنی 50% بۆ قەرزی کەڵەکەبووی کارەبای پێش پڕۆژەی رووناکی، کە لە 3ـی ئابەوە دەستی پێکردووە تاوەکو 10ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت، بڕیارێکی یەکجاریی ئەنجوومەنی وەزیرانە و جارێکی دیکە درێژ ناکرێتەوە و دووبارەش نابێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، عەزیز ئەحمەد لە گەشتی هەواڵەکانی 12:00ـی کوردستان24 کە لۆڤان عزەت پیشکەشی دەکات گوتی: کۆی قەرزی کارەبا لەسەر هاوبەشان لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 7.5 ملیار دینار و نزیکەی 80%ـی هاوبەشانی کەرتی کارەبا قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی رووناکییان لەسەرە.

روونیشی کردەوە، تێکڕای قەرزی ئەو 80%ـەی هاووڵاتییان لە 250 هەزار دینار کەمترە؛ بۆیە بە جێبەجێکردنی بڕیاری داشکاندنی 50%، زۆربەی خێزانەکان کەمتر لە 125 هەزار دیناریان لەسەر دەمێنێتەوە کە دەتوانن لە رێگەی سیستەمی "ئی-پسوولە" یان بنکەکانی فرۆشتنی وزە بە یەکجار بدەن.

سەبارەت بە پڕۆژەی رووناکی و دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی پڕۆژەکە بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و نەهێشتنی واستەکاری و دەستکاریی دەستییە.

ئاشکراشی کرد، لە هەندێک ناوچە ئاستەنگی تەکنیکی لە تۆڕەکانی گەیاندنی کارەبا هەبووە کە کار لەسەر چارەسەرکردنیان دەکرێت، هەروەها هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی گاز و کوژانەوەی کاتیی کارەبا هەبووە.

عەزیز ئەحمەد باسی لەوەشکرد، بەپێی سیستمەکە، هەموو هاوبەشێک 50 رۆژ مۆڵەتی هەیە بۆ دانەوەی پسوولەی مانگانەی کارەبا، بەپێچەوانەوە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کارەباکەی دەبڕدرێت و هیچ جیاکارییەک لەنێوان هاووڵاتییان و بەرپرساندا ناکرێت.

 
 
 
 

دەقی چاوپێکەوتنی عەزیز ئەحمەد لەگەڵ کۆڤان عزەت

 

 

کوردستان24: گوتت تا ئێستا 7.5 ملیار قەرزی کارەبا لەسەر هاووڵاتییان هەیە؟

عەزیز ئەحمەد: بەڵێ، 7.5 ملیار دینار.

کوردستان24:  چەند هاوبەش پارەیان داوە لە هەموویان، واتە بە ماڵان و بازرگانی و میرییەوە؟

عەزیز ئەحمەد:  ئامارەکانی دوێنێم لایە، گەیشتە 21 هەزار هاوبەش.

کوردستان24: گەیشتە 21 هەزار؟

عەزیز ئەحمەد: بەڵێ، ئەوەش تەنیا قەرزی کۆنە، قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی رووناکی، ئەوانەی تا ئێستا سوودمەند بوون لە بڕیاری لێخۆشبوون لە کەرتی حکوومی دا.

کوردستان24: ئێمە پۆستێکمان کردبوو لە کوردستان24 و گوتمان هاووڵاتییان پرسیار بنووسن و پرسیاری زۆرمان بۆ هات. یەکەمین پرسیار ئەوە بوو کەسێک بەمنی گوت، باری داراییم باش نییە، نزیکەی 3 بۆ 4 ملیۆن دینار قەرزی کارەبام لەسەرە، لەو قەرزەی ئێستا ئەگەر بیدەمەوە نزیکەی 2 ملیۆن دینار دەکات، بەڵام ئەو بڕە پارەیەم نییە و ناتوانم بیدەمەوە. دەڵێن تا 10ی ئەیلوول مۆڵەت هەیە، دوای ئەوە چی لێ دێت؟ ئایا ئەو دەرفەتە دووبارە دەبێتەوە یان مۆڵەتەکە درێژ دەکرێتەوە؟

عەزیز ئەحمەد:  بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران زۆر بە روونی باسی ئامانج و کاتەکەی دەکات، کە لە 3ی ئابەوە تاوەکو 10ی ئەیلوولە. ئەم لێخۆشبوونە بەهۆی قەبارە گەورەکەی کە 50%ـیە، یەکەم جارە شتی وا لە هەرێمی کوردستان بڕیاری لێ بدرێت. ئەم داشکاندنە بەم قەبارەیە پێشتر نەکراوە و یەکجارییشە. من هیوادارم هاووڵاتییان و هاوبەشانی سێکتەری کارەبا سوود لەم دەرفەتە وەربگرن کە 39 ڕۆژە، چونکە درێژ ناکرێتەوە.

کوردستان24: درێژ ناکرێتەوە؟

عەزیز ئەحمەد: نەخێر، درێژ ناکرێتەوە.

کوردستان24: ئەی چی بەسەر کارەبای دادێت؟ ئایا کارەباکەی دەبڕن؟ چونکە دەڵێت خەمم لەوەیە کارەباکەم ببڕن!

عەزیز ئەحمەد: نەخێر، کارەبای هیچ کەسێک لەسەر قەرزی کۆن نابڕدرێت. من حەز دەکەم روونی بکەمەوە لەسەر قەرزی کۆن؛ کارەبای هیچ هاوبەشێک تا ئێستا کە 18 مانگە خەریکی پڕۆژەی رووناکین، لەسەر قەرزی کۆن نەبڕدراوە و رووش نادات ببڕدرێت.

کوردستان24: دەی ئەوە هەواڵێکی زۆر خۆشە بۆ ئەو کەسانەی دوودڵ بوون.

عەزیز ئەحمەد: ئێمە هیوادارین هاوبەشانی هەرێمی کوردستان سوود لە داشکاندنەکە وەربگرن. خاڵێکی تر کە گرنگە باسی بکەین، زۆرینەی هاوبەشانی کەرتی کارەبا کە 80%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەکەن، قەرزی کۆنیان لەسەرە.

کوردستان24 : 80%؟ واتە تەنیا 20%ی هاوبەشان پارەیان داوە؟

عەزیز ئەحمەد: بەپێی ئامارەکان، تێکڕای قەرزی ئەو 80%ـیە کەمترە لە 250 هەزار دینار! واتە 80%ی هاوبەشانی هەرێمی کوردستان کە قەرزیان لەسەرە، تێکڕای قەرزەکەیان کەمتر لە 250 هەزار دینارە. ئێستا کە سوود لە داشکاندنی 50% وەربگرن، دەبێتە کەمتر لە 125 هەزار دینار.

لەبارەی کێشەی بوونی عەداد گوتی: ئەوە یەکێکە لەو کێشانەی کە ئێمە خەریکی چارەسەرکردنین. لە هەرێمی کوردستان 2 ملیۆن هاوبەشی کارەبا هەن لە ماڵان، بازرگانی، میری، کێڵگەی کشتوکاڵی و پیشەسازی. لە بەرامبەردا تەنیا 3,000 عەداد (کارمەندی خوێندنەوەی پێوەر) هەن. 3,000 عەداد ناتوانن مانگانە سەردانی 2 ملیۆن ماڵ و شوێن بکەن، پێوەرەکان تۆمار بکەن، بۆ حکوومەت بگەڕێننەوە، پسوولە دەربکەن و دابەشی بکەنەوە و پارەکە کۆبکەنەوە. پرۆسەکە زۆر تەقلیدی بوو.

کوردستان24: ئێستا ئەو کێشەیە چۆن چارەسەر دەکرێت؟

عەزیز ئەحمەد: لە رێگەی دیجیتاڵکردن و سیستەمی ئی-پسوولە و راگەیاندنی بە نامەی SMS. ئامانجی پڕۆژەی رووناکی ئەوەیە هاووڵاتی راستەوخۆ بە موبایلی خۆی ئاگاداری سەرفکردنەکەی بێت و پارەکە بدات و راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حکوومەت بکات بەبێ ئەوەی پێویستی بەو پرۆسە تەقلیدییە بێت. لەناو پڕۆژەی رووناکیدا، دوو مانگ جارێک پسوولە دەردەچێت و بە نامە ئاگادار دەکرێنەوە.

کوردستان24: ئایا ئەو مۆڵەتی 10ی ئەیلوولە درێژ دەکرێتەوە یان نا؟

عەزیز ئەحمەد: نەخێر، وەک باسم کرد بڕیارەکە روونە، لە 3ی ئاب تاوەکو 10ی ئەیلوولە و درێژ ناکرێتەوە.

کوردستان24: ئەی ئەوانەی پارەیان داوە لە کاتی خۆیدا و قەرزیان لەسەر نەبووە؟

عەزیز ئەحمەد: ئێمە لە ماوەی ساڵ و نیوی رابردووی جێبەجێکردنی پڕۆژەی رووناکیدا، ئەمە پێنجەمین داشکاندنە رایدەگەیێنین. تا ئێستا 60 ملیار دینار داشکاندنمان بۆ هاوبەشانی پڕۆژەی رووناکی جێبەجێ کردووە لە چەندین قۆناخدا. ئەم داشکاندنانەی پێشتریش کە رامانگەیاندبوون تایبەت نەبوون بە پڕۆژەی رووناکی، بەڵکو هەموو کەس سوودی لێ وەرگرتبوو. ئەم داشکاندنە نوێیەش کە رامانگەیاندووە بۆ ئەوەیە لاپەڕەیەکی نوێ لەنێوان حکوومەت و هاوبەشانی کەرتی کارەبادا بکرێتەوە. قەرز دەبێت ئیتر دووبارە نەبێتەوە.

کوردستان24: ئێستا بڕیارتانداوە لە ماوەی 50 رۆژدا بڕبڕێت؟

عەزیز ئەحمەد: بەڵێ، ئەمە بڕیاری وەزارەتە، ئەم بڕیارە پێشتریش هەمان بووە لە سێکتەری کارەبا، بەڵام وەک پێویست جێبەجێ نەدەکرا. ئێستا بۆ پڕۆژەی رووناکی ئەو رێنماییەی جێبەجێ کردووە، هەر هاوبەشێک لە ماوەی 50 رۆژدا پارەی مانگانەی خۆی نەدات لە پڕۆژەی رووناکی، سیستمەکە ئۆتۆماتیکی کارەباکەی لێ دەبڕێت. واتە ئیتر ئەو دەستکارییەی چەند فەرمانبەرێک لە فەرمانگەیەک یان وەزارەتێک ئەم شتانە نەماوە کە دەستکاری لە سیستمەکەدا بکات و کارەبا بگەڕێنێتەوە، نەماوە؛ سیستمێکی ئەلیکترۆنییە و دەبێت هەر کەسێک پارەی خۆی بدات. لەبەر ئەوە داشکاندنەکەم بە قەبارەیەکی گەورە راگەیاندووە بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرن.

کوردستان24: زۆر باشە، پرسیارێکی دیکەی زۆر هاتبوو دەربارەی پڕۆژەی رووناکی، دەیانگوت: دەڵێن پڕۆژەی رووناکی کارەبای 24 کاتژمێری دابین دەکات، بەڵام لای ئێمە کارەباکە 24 کاتژمێری نییە! هۆکاری چییە؟

عەزیز ئەحمەد: لە مانگەکانی 3، 4، 5، 6ی ئەمساڵدا، کارەبای 85%ی هاوبەشانی هەرێمی کوردستان 24 کاتژمێری بوو. لە مانگی 7دا، بەهۆی ئەوەی رووداوە ئەمنییەکان روویان دایەوە و هێرش کرا سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بەرهەمهێنانی گاز و کارەبا هەبوو، نەمانتوانی وەک پێویست کارەبای 24 کاتژمێری دابین بکەین. کێشەکە لە خودی پڕۆژەکە ناگەڕێتەوە، بەڵکو پەیوەندیی بە دابینکردنی گازی پێویستەوە هەیە. هەوڵ دەدەین تا مانگی 9 ئەو زەختە کەم بێتەوە و ناوچەکانی تر کە کارەبای 24 کاتژمێرییان پێنەگەیشتووە کارەبایان پێ بگات.

کوردستان24: هۆکارەکەی تەنیا کۆرمۆرە یان هۆکاری تریش هەیە؟

عەزیز ئەحمەد: هەندێک دەنگۆ هەیە دەڵێن حکوومەت کارەباکەی فرۆشتووە بە ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەڵام ئێستا کەمترین ئاستی کارەبا دەنێردرێت بۆ عێراق. بڕیاری حکوومەت روونە؛ لەپێشینەی کارەکانمان هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانن. ئەگەر کارەبای زیادمان هەبێت دەینێرین، بەڵام پێداویستیی هەرێم لە مانگەکانی 7 و 8 زۆر بەرزە. تەنانەت سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای هاوکاریی کردبوو، بەڵام کارەبا لەسەر حسابی هاووڵاتییانی خۆمان نانێردرێت. بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، تا کۆتایی ساڵی 2026 پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێریی رووناکی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.

کوردستان24: هۆکاری جێگیرنەبوونی کارەبا لە هەندێک گەڕەکی هەولێر چییە؟

عەزیز ئەحمەد: کێشەکە لە تۆڕی دابەشکردنی کارەبای هەولێرە کە ساڵانێکی زۆرە وەبەرهێنانی پێویستی تێدا نەکرابوو بۆ ئەوەی بەربڵاوتر و جێگیرتر بێت. بەتایبەتی لە شاری هەولێر تۆڕەکە لە ئاستی داواکاری و تموحی ئێمەدا نییە. بۆ چارەسەری ئەمە، خەریکی وەبەرهێنانین و حکوومەت دروستکردنی 3 وێستگەی گەورەی نوێی لە هەولێر راگەیاندووە؛ یەکێکیان 2 مانگ لەمەوبەر تەواو بوو و ئەوی دیکەشیان لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت بۆ ئەوەی ئەو زەختە لەسەر تۆڕەکە نەمێنێت.

کوردستان24: بێنە سەر باسی ئەو 50 رۆژە، ئەگەر هاووڵاتی لە ماوەی 50 رۆژدا پارەی پسوولە نەدات کارەباکەی دەبڕدرێت؟

عەزیز ئەحمەد: بەڵێ، بۆ هەموو هاوبەشێکە، لە هەر ئاستێکدا بێت، تەنانەت بۆ بەرپرسانیش. سیستەمەکە ئەلیکترۆنییە و بە ئۆتۆماتیکی کارەبا دەبڕێت، بەهیچ شێوەیەک دەستکاریی دەستی، فەرمانبەر یان واسیتەکاری لە سیستەمەکەدا نەماوە کە بتوانێت کارەبا بگەڕێنێتەوە. هەر هاوبەشێک لە ماوەی 50 رۆژدا پارەی پسوولەی رووناکی نەدات، سیستەمەکە خۆی کارەباکەی لێ دەبڕێت.

کوردستان24: سەبارەت بە هێرشەکانی سەر کۆرمۆر، ئایا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی یان دژەدرۆن دانەنراوە؟

عەزیز ئەحمەد: دانە گاز سیستەمی راداری خۆی هەیە تەنیا بۆ ئاگادارکردنەوەی کارمەندەکانی لە کاتی هێرشدا بۆ ئەوەی بپارێزرێن، سیستەمی عێراق کە رادار و کەلوپەلی هەیە لای سنوورەکان و لەناو کۆرمۆردا نییە، بەڵام دەتوانن سوودی لێ وەربگرن. کۆرمۆر تا ئێستا 12 جار بۆردومان کراوە، 4 کەس کوژراون و سەدان ملیۆن دۆلار زیان بە داهات و ژێرخانی حکوومەت و وزە کەوتووە. ئێمە داوامان لە بەغدا کردووە رێگری لەو گرووپە چەکدارانە بگرن کە لە دەرەوەی یاسان و هێرش دەکەنە سەر کێڵگەکە.

کوردستان24: یەکێک رەوانەی کردووە دەڵێت ئاکاری پڕۆژەی نیشتەجێبوون بووین، نە قەرز و نە پارەی مانگانەمان بۆ نەهاتووەتەوە، ئێمە چی بکەین؟

عەزیز ئەحمەد: ئێمە 27 پڕۆژەی نیشتەجێبوونمان گواستووەتەوە سەر پڕۆژەی رووناکی لە کۆی زیاتر لە 200 پڕۆژە. بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە لە پڕۆژەی نیشتەجێبوون بوون و تا ئێستا پسوولەیان بۆ نەچووە، کاتێک دەچنە سەر پڕۆژەی رووناکی تەنیا پسوولەی 2 مانگیان بۆ دەچێت. بەشەکەی تری، بۆ نموونە ئەگەر 10 مانگ پسوولەیان بۆ نەچووبێت، 8 مانگەکەی تر دەبێتە قەرزی کۆن و دەچێتە خانەی قەرزی کۆنەوە کە دەتوانن سوود لە داشکاندنی 50% وەربگرن.

کوردستان24: دەربارەی وادەی پسوولەکان کە دەڵێن 40 رۆژ جارێک یان 36 بۆ 38 ڕۆژ جارێک دێت، ئەمە بۆ وایە؟

عەزیز ئەحمەد: ئەمە بابەتێکی تەکنیکییە، پسوولە بۆ 30 رۆژ دەردەچێت. لە مانگی 2ی ساڵی داهاتووەوە، پسوولە رێک هەر 30 رۆژ جارێک بە ئۆتۆماتیکی دەردەچێت و هاووڵاتییان دەتوانن لە وادەی خۆیدا بپەردێنن.

کوردستان24: هەندێک هاووڵاتی دەڵێن نرخی کارەباکە گرانە و بەرامبەر بە مووەلیدە زیاتریان لەسەر دەکەوێت، وەڵامت بۆ ئەوانە چییە؟

عەزیز ئەحمەد: زیاتر لە 80%ی هاوبەشانی پڕۆژەی رووناکی رازیین لە نرخەکە چونکە راپۆرت و راپرسیی بەردەوام دەکەین. سیستەمی نرخ بەپێی ئاستی بەکارهێنانە؛ ئەو خێزانەی داهاتی کەمترە و بەکارهێنانی کەمترە، نرخەکەی زۆر هەرزانترە لە جاران. بەڵام ئەو خێزانەی بەکارهێنانی بەرزە، خانوو یان ئۆتۆمبێلی زیاتری هەیە و سپلیت و ئامێری زۆر بەکاردێنێت، سروشتییە پارەی زیاتر بدات. جاران جیاوازی لەنێوان خانووی 100 مەتری و ڤێلا یان مەزرەعەدا نەبوو لە نرخی کێلۆواتدا، بەڵام ئێستا سیستەمەکە دادپەروەرانەیە و بەپێی ئاستی بەکارهێنان و داهات باجەکە دیاری دەکرێت.

کوردستان24: پەیامی کۆتاییت چییە؟

عەزیز ئەحمەد: هیوادارم خەڵکەکەمان سوود لەم داشکاندنی 50%ـیە وەربگرن، وەرنە پێشەوە چونکە ئەم رەقەمە و بڕیارە یەکجارە و دووبارە نابێتەوە، و تا 10ی ئەیلوول بەردەوام دەبێت تا ئەم دۆسیەیە کۆتایی پێ بهێنرێت.