ئەمریکا زۆرینەی مووشەکە دوورمەودا و پێشکەوتووەکانی بەکارهێناوە
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمریکا لە پێنج مانگی جەنگ لەگەڵ ئێران زۆرینەی مووشە دوورمەودا وردپێکەکانی بەکارهێناوە، بە دیاریکراویش مووشەکەکانی سیستمی ئەتاکمس و پریزم کە مووشەکی زەوی بۆ زەوین.
ئاماژەی بەوەشدا، کەمبوونەوەی مووشەکەکانی ئەتاکمس و پریزم لە جبەخانەکانی ئەمریکا بەو رێژەیە هەرگیز رووینەداوە، فەرماندەیی ناوەندی زۆرینەی بەکارهێناوە، بەڵام توانی لە سەرچاوەکانی دیکەی هێزەکانیان لە جیهان دەستی بکەوێت.
ئاشکراشی دەکات، کەمبوونەوەی ئەو مووشەکانە ئەو واتەیە دەگەینێت ئەگەر هێرشی فراوانی سەر ئێران دەستپێبکاتەوە، سەرۆکی ئەمریکا ناچار دەبێت پشت بە رێگەچارەی مەترسیدارتر بۆ بۆردومانکردنی ئێران ببەستێت، ئەویش بۆردومانکردنە لەڕێگەی فڕۆکەوە.
دەشڵێت، کەمبوونەوەی ئەو مووشەکانەی ئەمریکا تواناکانی ئەو وڵاتە لە بەرپەرچدانەوەی رکابەرەکانی وەک رووسیا و چین سنووردار دەکات.
مووشەکەکانی ئەتاکمس و پریزم مەوداکانیان درێژ و مامناوەندە، توانایان هەیە لە دووری نێوان 300 بۆ 500 کیلۆمەتر ئامانجیان بە وردی بپێکن، نرخی هەر مووشەکێک ملیۆنێک دۆلارە و لە جەنگی ئۆکرانیا رۆڵێکی سەرەکیان هەبووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە بەرپرسانی ئەمریکا هۆشداریان بە سەرۆکی وڵاتەکەیان داوە ژمارەی مووشەکەکانی بەرگری ئاسمانیش کەمیان کردووە، بەگوێرەی راپۆرتێکی ناوەندی توێژینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان، لە شوبات تا تەممووزی ئەمساڵ 65%ـی مووشەکەکانی سیستمی پاتریۆت کەمیان کردووە، هەروەها مووشەکەکانی سیستمی تادیش لانی کەم 38% کەمیان کردووە، جگە لەوەش نزیکەی نیوەی مووشەکەکانی تۆماهۆکیش کەمیان کردووە.