دوای 15 رۆژ لە دەستبەسەرکردنی، قەشە نیهاد لە عەفرین ئازاد کرا
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، قەشە نیهاد کە پیاوێکی ئایینیی مەسیحیی خەڵکی عەفرینە، دوای 15 رۆژ لە دەستگیرکردنی لەلایەن دەزگای ئاسایشی گشتییەوە لە زیندانی مەعراتە، بەهۆی هەڵوێست و پۆستەکانی لە سۆشیاڵ میدیا سەبارەت بە پشتگیریی دۆزی کورد، ئازاد کرا و گەڕایەوە نێو کەسوکاری.
سێشەممە 4ی ئابی 2026، رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە کوردستان24 رایگەیاند ، قەشە نیهاد کە پیاوێکی ئایینیی مەسیحی و خەڵکی عەفرینە ، دوای 15 رۆژ لە دەستگیرکردنی ئازاد کرا. دەستگیرکردنی ئەم پیاوە ئایینییە لە بارودۆخێکدا بوو کە نیگەرانییەکی زۆری لای کەسوکاری و خەڵکی ناوچەکە دروست کردبوو.
قەشە نیهاد کە دانیشتووی بەیرووتی پایتەختی لوبنانە و لە کەنیسەیەکی ئەو شارەدا خزمەت دەکات، 19ی تەممووزی رابردوو بە ئامانجی سەردانی خێزانەکەی گەیشتبووە زێدی خۆی لە عەفرین، بەڵام لەلایەن چەکدارانی دەزگای ئاسایشی گشتییەوە دەستگیر کرا و پەیوەندییەکانی بە تەواوی پچڕان. دواتر بۆ بەشی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان برا و پاشان لە زیندانی "مەعراتە" لە عەفرین راگیرا، بێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی دەربارەی دۆخی یاسایی بدرێت یان رێگەی پێ بدرێت پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە بکات.
دەستگیرکردنی ئەم قەشەیە لەسەر بنەمای بابەت و پۆستەکانی پێشتری بووە لە سۆشیاڵ میدیا کە تێیدا رەخنەی لە گرووپە چەکدارەکانی عەفرین گرتووە، جیا لە هەڵوێستە ئایینی و نەتەوەییەکانی لە پشتگیریی دۆزی کورد کە پێشتر مشتومڕیان نابووەوە. ئازادکردنی قەشە نیهاد کۆتایی بەو نیگەرانییە هێنا کە خێزانەکەی لە چەند رۆژی رابردوودا لەبارەی سەلامەتی و چارەنووسییەوە هەیانبوو، بەوەش دوای تەواوبوونی رێکارەکان گەڕایەوە نێو کەسوکاری.