کێپلەر: عێراق 30 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە کردووە

ئامارەکانی کۆمپانیای "کێپلەر" بۆ چاودێریکردنی جووڵەی دەریایی نیشان دەدەن کە عێراق لە ماوەی یەک مانگدا زیاتر لە 30 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لە رێگەی گەرووی ستراتیژیی هورمزەوە هەناردە کردووە، هەرچەندە داهاتە گشتییەکانی نەوتی وڵاتەکە بەهۆی جەنگەوە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.

کۆمپانیای کێپلەر (Kpler) رایگەیاند، لە نێوان 4ی تەممووز تا ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئابی 2026،، نزیکەی 30 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عێراق بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە. لە لایەکی ترەوە، عەلی نزار، سەرۆکی کۆمپانیای نیشتمانیی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ - SOMO) لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفزیۆنیدا ئاشکرای کرد، عێراق لە مانگی تەممووزدا لە نێوان "35.5 بۆ 37 ملیۆن بەرمیل" نەوتی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە کردووە. هاوکات، 7 ملیۆن بەرمیل نەوتی تری عێراق لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی هەناردە کراوە.

پێش سەرهەڵدانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بووە هۆی کەمبوونەوەی گواستنەوەی دەریایی لەم رێڕەوە ستراتیژییەدا، بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق رۆژانە نزیکەی 4 ملیۆن بەرمیل بوو، و تێکڕای هەناردەکردنی مانگانەی دەگەیشتە 105 ملیۆن بەرمیل، کە زۆربەی لە رێگەی بەندەری بەسرەوە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبوو.

سەلیم ریکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی فەرمیی (واع)ی راگەیاندووە، چەند نەوتهەڵگرێک دوای بارکردنیان بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، بەڵام جەختی کردەوە کە "وەزارەتی نەوت بەرپرس نییە لە رێڕەوی ئەو کەشتیانە یان مۆڵەتە پێویستەکان بۆ تێپەڕبوونیان." بەپێی ئامارەکانی سۆمۆ، عێراق لە مانگەکانی ئایار و حوزەیراندا لە رێگەی جیاوازەوە کەمێک زیاتر لە 32 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کردووە، کە 20 ملیۆن بەرمیلی لە بەندەرەکانی باشوورەوە بووە.

داهاتی نەوتی خاو لە دەوروبەری 90%ـی تێکڕای داهاتەکانی دەوڵەتی عێراق پێکدەهێنێت. پێش جەنگ، هەناردەکردنی نەوت مانگانە تاوەکو 8 ملیار دۆلاری بۆ گەنجینەی گشتی دابین دەکرد، بەڵام ئێستا بە ئەستەمە لە 1.5 ملیار دۆلار تێپەڕ دەکات، ئەمەش بەپێی گوتەی باسم محەممەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا.

عێراق کە ئەندامێکی دامەزرێنەری رێکخراوی ئۆپێکە، بەهۆی جەنگەوە ناچار بوو بەرهەمهێنان لە زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانیدا رابگرێت بەهۆی پڕبوونی عەمبارەکانی نەوتەوە. پاش داخستنی رێڕەوە دەریاییەکان، عێراق دەستی بە بەکارهێنانی تانکەری زەمینی کرد بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی خاکی سووریاوە، جیا لە بەکارهێنانی بۆریی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.

هاوکات بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە دەست ئاژانسی "رۆیتەرز" کەوتووە، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، داشکاندنی زۆری بۆ نرخی نەوتی خاوی بەسرە پێشکەش کردووە بۆ ئەو بارانەی لە مانگی ئابدا بار دەکرێن، ئەمەش بۆ هاندانی کڕیاران تاوەکو نەوت لە ناو گەرووی هورمزەوە بگوازنەوە.

سەبارەت بە نرخەکان، سۆمۆ بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی "بەسرەی مامناوەند" داشکاندنی 25 بۆ 27 دۆلاری پێشکەش کردووە، کە ئەمەش بەپێی کاتی بارکردنەکە دەگۆڕێت. هەروەها بۆ نەوتی خاوی "بەسرەی قورس" داشکاندنی 27.80 بۆ 29.80 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک دیاری کردووە.