قۆناخی دووەمی پڕۆژەی ئاوی بادلیان - دێلزیان جێبەجێ دەکرێت
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران دەستپێکردنی جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی ئاوی (بادلیان - دێلزیان)ی راگەیاند، بە مەبەستی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی کەمئاوی و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی سنوورەکە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران ئاشکرای کرد، لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بە شێوازی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە، دەستکراوە بە جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی پڕۆژەی ئاوی بادلیان - دێلزیان.
پێکهاتە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە:
دروستکردنی خەزان: بڕیارە خەزانێکی کۆکردنەوەی ئاو بە توانای (1500) مەترسێجا دروست بكرێت.
راکێشانی بۆری: دابینکردن و راکێشانی نزیکەی (3000) مەتر بۆری لە جۆری 'دکتایل' بە قەبارەی (8) ئینج.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران، بە تەواوبوونی ئەم قۆناغەی پڕۆژەکە، کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی و هەموو ئەو ئاستەنگانە دەهێنرێت کە لە سنووری بادلیان و دێلزیان هەبوون، هەروەها دڵنیایی تەواو دەدرێت لە دابینکردنی ئاوی پاکی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی ناوچەکە.