ئەمریکا و قەتەر هەوڵەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکانی واشنتن و تاران تاوتوێ دەکەن

میری قەتەر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، پرسی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران و نزیککردنەوەی دیدگاکانی نێوان هەردوولای بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسیی بەردەوام تاوتوێ کرد.

سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوایین پێشهاتە ناوچەییەکان و بە تایبەت هەوڵەکانی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانی تاوتوێ کرد.

دیوانی میریی قەتەر رایگەیاند، تەمیم بن حەمەد لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی دیالۆگ و گرتنەبەری رێگەچارە دیپلۆماسییەکان کردووەتەوە بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکان.

 هەروەها ئاماژەی بە پێویستیی پابەندبوونی تەواوی لایەنەکان کردووە بەو رێککەوتنانەی لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاراندا واژۆ کراون، لە پێناو پشتگیریکردنی دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان.

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمریکا ستایشی هەوڵ و رۆڵی کاریگەری قەتەری کرد لە پشتگیریکردنی پرۆسەی دیپلۆماسی و ئاسانکاریی گفتوگۆ لە نێوان لایەنەکاندا، کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

هاوكات، هەردوولا باسیان لە چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش کرد و جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و راوێژکارییە دوو قۆڵییەکان کردەوە سەبارەت بە گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات.