وردەکاریی یاسای چوارچێوە لە پەرلەمانی تورکیا
پەرلەمانی تورکیا دەست بە تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسایەک دەکات کە رێگەخۆشکەرە بۆ چەکداماڵین و گەڕانەوەی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ ژیانی ئاسایی دوای زیاتر لە چوار دەیە لە شەڕی چەکداری. ئەم هەنگاوە یاساییە لە کاتێکدایە کە پرسی داهاتووی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، هێشتا لە دەرەوەی یەکلاییکردنەوەی راستەوخۆی ئەم پڕۆژەیەیە.
وردەکاریی پڕۆژەیاساکە و مەرجەکانی گەڕانەوە
پڕۆژەیاساکە لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)ی دەسەڵاتدارەوە ژێر ناونیشانی "بەهێزکردنی تەبایی نیشتمانی و تێکەڵبوونەوەی کۆمەڵایەتی" ئامادە کراوە و رادەستی پەرلەمانتاران کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانی تورکیا، پڕۆژەکە ئالیەتێکی روون بۆ تێکەڵکردنەوەی چەکداران لەخۆدەگرێت، بەڵام
بەخشین ناگرێتەوە: ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە تۆمەتبارن بە کوشتنی سەربازان یان مەدەنییەکان.
لێخۆشبوونی مەرجدار: بەشێک لە چەکدارانی دیکە دەتوانن سوودمەند بن لە لێخۆشبوونی مەرجدار و رێکارە یاساییەکان کە ماوەکەی لە نێوان 5 بۆ 10 ساڵ دەبێت (بەپێی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراوە)، کە ئەمەش وەک جۆرێک لە لێخۆشبوونی سنووردار هەژمار دەکرێت.
دۆخی ئۆجەلان: پڕۆژەیاساکە هیچ چوارچێوەیەکی روون بۆ دیاریکردنی چارەنووسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەخۆناگرێت، کە لە ساڵی 1999ـەوە لە زیندانی دوورگەی ئیمڕاڵی زیندانیکراوە.
چاوەڕوان دەکرێت لیژنەی داد لە پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەکە تاوتوێ بکات پێش ئەوەی بیخاتە دەنگدانەوە، بەپێی پێشبینییەکان تا کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو (پێش دەستپێکردنی پشووی هاوینەی پەرلەمان) پڕۆژەکە پەسەند بگرێت.
ئەردۆغان: تورکیا لە بارگرانییەکی 123 ملیار دۆلاری رزگاری دەبێت
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە چەند رۆژی رابردوو لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا پڕۆژەیاسایەک سەبارەت بە چەکداماڵینی پەکەکە پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت و گوتی
"بە پشتگیریی حزبە سیاسییەکان، هەنگاو بەرەو تەواوکردنی پڕۆسەی بونیاتنانی تورکیایەکی پڕ لە ئاشتی دەنێین. کاتێک ئەم پڕۆسەیە کۆتایی دێت، وڵاتەکەمان لە بارگرانییەکی ئابووریی قورس رزگاری دەبێت و سوودەکەی بۆ تەواوی 86 ملیۆن هاووڵاتیی تورکیا دەبێت."
سەرۆککۆماری تورکیا زیانە داراییەکانی شەرەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند:زیانی ساڵانەی تورکیا بەهۆی توندوتیژی و شەڕەوە زیاتر لە 50 ملیار دۆلارە.
زیانەکانی وڵات بەهۆی باجە لەدەستچووەکانەوە نزیکەی 123 ملیار دۆلارە، کە دەکرا ئەو پارانە لە بوارەکانی وەبەرهێنان، ڕەخساندنی هەلی کار و دابینکردنی بودجەدا بەکاربهێنرێن.
هاوکات نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاندبوو، پەرلەمان پلانی هەیە "یاسای چوارچێوە" پەسەند بکات، کە بنەمای یاسایی بۆ پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دادەڕێژێت.
دەم پارتی: پێویستە سەردانی ئیمڕاڵی ئاسایی بێتەوە
سێشەممە 28ـی تەمموزی 2026، تولای هاتیمۆغۆڵۆ، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان رایگەیاند، پێویستە بەبێ بەفیڕۆدانی کات، لەم هەفتەیەوە رۆژنامەنووسان، سیاسەتەمەداران، پارێزەران و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بتوانن سەردانی ئیمڕاڵی بکەن و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببنەوە.
هاتیمۆغۆڵۆ ئاماژەی بەوە دا کە نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان پێی ڕاگەیاندوون پێش پشووی هاوینە ڕەشنووسی یاساکە دەخرێتە بەرنامەی کارەوە. جەختیشی کردەوە "چارەسەری پرسی کورد بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە لەسەر شانی هەموو لایەنەکان."
هاوسەرۆکی دەم پارتی روونی کردەوە، ئۆجەلان لە دوایین دیداردا جەختی لەسەر پێویستیی زەمینەیەکی یاسایی کردووەتەوە و گوتوویەتی "دەبێت لە هەوڵە کاتییەکان دەربچین و یاساکە ببێتە سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێ."
باسی لەوەش کرد، "گەڕانەوە تەنیا هاتنەوە لە سنوورەکان نییە، بەڵکو گەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ نیشتمان، زیندانییەکانە بۆ ناو خێزانەکانیان و گەڕانەوەی ئیرادەی گەلە بۆ ناو شارەوانییەکان."
لای خۆشیەوە تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، پرۆژەکەی بە دەستپێکی سەردەمێک وەسف کرد کە تێیدا "سیاسەت شوێنی چەک دەگرێتەوە و یاساش شوێنی ململانێ"، هەروەها هۆشداریشی دا کە ڕەنگە ئەم دەرفەتە دووبارە نەبێتەوە.
هەڵوێست و پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان
لە پەیامێکدا کە لە ڕێگەی دەم پارتییەوە بڵاوکرایەوە، ئۆجەلان متمانەی خۆی بە پرۆسەکە دەربڕی و رایگەیاند
"تورکیا لە سەرەتای پرۆسەیەکی دیموکراتیدایە کە گرنگییەکەی کەمتر نییە لە دامەزراندنی کۆمار لە ساڵی 1923."
ئۆجەلان لە پەیامێکی دیکەشیدا جەختی کردبووەوە "بەهێزکردنی برایەتیی تورک - کورد نەک هەر بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە، بەڵکو پرسێکی گرنگ و بەپەلەی چارەنووسسازە بۆ کۆی گەلان. بۆ بەهێزکردنی ئەو پرۆسەیە، گرنگە هەموو بازنە سیاسییەکان لە تورکیا لەسەرووی حیساباتی تەسک و کورت مەودا بیربکەنەوە، دەستپێشخەری بڕیاربکەن و بونیادنەرانە هەنگاو بنێن."
پرۆسەی نوێی ئاشتی
لە کۆتایی ساڵی 2024: دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و هاوپەیمانی ئەردۆغان، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بچێتە پەرلەمانی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەیەنێت.
26ـی تشرینی دووەمی 2024: راگەیاندنی فەرمیی دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی بۆ ئاشتی.
28ـی کانوونی یەکەمی 2024: دیداری پەروین بوڵدان و سەرى سوورەیا ئۆندەر (شاندی دەم پارتی) لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمڕاڵی.
سەرەتای ساڵی 2025: ئۆجەلان لە زیندانەوە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای چەکدانان و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی کرد.
1ـی ئاداری 2025: ڕاگەیاندنی فەرمیی ئاگربەست و ڕەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ.
5 - 7ـی ئایاری 2025: بەڕێوەچوونی کۆنگرەی 12ی پەکەکە؛ دەرکردنی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری.
11ـی تەممووزی 2025: وەک هەنگاوێکی هێمادار بۆ قبووڵکردنی پەیامەکەی ئۆجەلان، گرووپێکی 30 کەسی لە گەریلاکان بە سەرۆکایەتیی بەسێ هۆزات (هاوسەرۆکی کەجەکە) لە ڕێوڕەسمێکدا لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری ناوچەی شارباژێڕ / دوکان - سلێمانی، چەکەکانیان سووتاند و کۆتاییان بە شەڕ هێنا.