سلێمانی.. دوو چالاکیی تایبەت لە 13یەمین ساڵیادی کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەس بەڕێوەدەچێت

بڕیارە ئەمڕۆ لە 13یەمین ساڵیادی کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەس، شاعیری گەورەی کورد، دوو چالاکیی تایبەت لەسەر ئارامگەکەی، لە پارکی ئازادی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 4ی ئابی 2026، هەڵۆ شێرکۆ بێکەس، کوڕی شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس بە کوردستان24ی راگەیاند، "لە 13یەمین ساڵیادی کۆچی دوایی باوکمدا، دوو چالاکیی تایبەت لەسەر ئارامگەکەی بەڕێوەدەچێت. جگە لە گوتاردان و شیعرخوێندنەوە، کتێبێکی نوێش بە ناوی 73 بە فەرمی ناساندن دەکرێت و ناوی ئەو کتێبە بەهۆی ئەوە هەڵبژێردراوە، چونکە باوکم 73 ساڵ ژیاوە، بۆیە هەوڵمان داوە ژمارەی لاپەڕەکانیش 73 بێت تا ناوەکە و ناوەڕۆکەکەی پەیوەندییەکی واتاداریان هەبێت.

گوتیشی، "ئەم کتێبە دیوانێکی شیعرییە کە لە 73 لاپەڕە پێکهاتووە و دەقەکانی لە کۆمەڵێک لە غەزەل و قەسیدە ناسراوەکانی شێرکۆ بێکەس هەڵبژێردراون. زۆربەی ئەو شیعرانە لە سۆشیال میدیادا بە دەنگی خۆی بڵاوکراونەتەوە و لەلایەن هەزاران خوێنەر و گوێگرەوە بە خۆشەویستی وەرگیراون، بۆیە پێمان وابوو پێویستە لە چوارچێوەی کتێبێکدا کۆبکرێنەوە و بە شێوەیەکی نوێ بخرێنە بەردەستی خوێنەران."

هەڵۆ شێرکۆ بێکەس باس لە بەشی دووەمی چالاکییەکە دەکات و دەڵێت، "بەشی دووەمی ئەم چالاکییە پەردەلادانە لەسەر تابلۆیەکی ئاسنین کە تایبەت بۆ یادەوەری شێرکۆ بێکەس دروستکراوە. ئەو تابلۆیە لەلایەن وەستا بەهرامی مەلا بەکر، ئاسنگەرێکی ئاسایی و ناسراوی شاری سلێمانی، بە دەستی خۆی دروستکراوە و لە پشت گۆڕی شێرکۆ بێکەس، بەسەر دیوارەکەوە هەڵدەواسرێت تا ببێتە نیشانەیەکی هەمیشەیی بۆ یادکردنەوە لە شێرکۆی مەزن."

هەڵۆ شێرکۆ بێکەس باسی لەوەش کرد، "لە کۆتایی چالاکییەکەشدا، من هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی باوکم دەخوێنمەوە. ئەوەش بەشێکە لە بەرنامەکە بۆ ئەوەی دەنگ و شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس هەمیشە لەناو یاد و هەستی خەڵکدا زیندوو بمێنن و جیلی زیاتر ئاشنا ببێت لەگەڵ میراتی ئەدەبی و شیعری ئەو شاعیرە گەورەیە."

شێرکۆ بێکەس، شاعیری گەورەی کورد، لەساڵی 1940 لە سلێمانی لەدایکبووە. شێرکۆ بێکەس، یەکێک بوو لەو شاعیرانەی کە شیعری ھاوچەرخی کوردیی دامەزراندووە و ناوبانگێکی جیهانیی هەبووە. لەلایەن نووسەر و لێکۆڵەری ئیتاڵی، لاورا شرادەر، کە چەندین کتێبی دەربارەی شێرکۆ بێکەس ئامادە کردووە و نووسیوە؛ شێرکۆی بە شاعیرانی  وەک پابلۆ نێروودا و فێدریکۆ گارسیا لۆرکا بەراورد کردووە. هەروەها سەید عەلی ساڵحی، شاعیری ئێرانی، شێرکۆ بێکەسی بە ئیمپڕاتۆری شیعری جیهانی ناودێر کردووە. شێرکۆ بێکەس یەکەم وەزیری رۆشنبیری لە ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان ئەندامی پەرلەمانیش بووە. بێکەس ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و یەکێتیی نووسەرانی سوێد بوو. شێرکۆ شیعرەکانی ئاوێتەیەک بوون لە نیشتمانپەروەری، مێژوو، خۆشەویستیی ئاو و خاک و ساڵی 2001 خەڵاتی پیرەمێردی شاعیر بە شێرکۆ بێکەس بەخشرا. لە ساڵی 2009دا تەواوی بەرھەمەکانی شێرکۆ لە ھەشت ھەزار لاپەڕەدا لە چاپ درا.

شێرکۆ بێکەس لە ساڵی 2013 لە تەمەنی 73 ساڵیدا، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد کۆچی دوایی کرد.