بۆچی سوپای سووریا لەسەر سنوورەکانی عێراق کەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە؟
سەرچاوەکانی نزیک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا ئاشکرایان کردووە، بڕیاری خستنە حاڵەتی ئامادەباشیی هێزەکان دەرچووە، هاوکات روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤیش بڵاوەپێکردنی هێزی سەربازیی سوپای لە ئەلبوکەمال و سەر سنووری عێراق پشتڕاست کردەوە.
سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەڵمانیایان راگەیاند: کە بڕیارێکی فەرمی لە لایەن فەرماندەیی سوپاوە دەرچووە، بۆ مەبەستی خستنە حاڵەتی ئامادەباشیی هێزەکان؛ بەڵام هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی لەسەر هۆکارەکەی نەدراوە.
سەرچاوەکان بە دووری دەزانن ئەم هەنگاوە ئامادەکاری بێت بۆ هێرشکردن، بەڵکوو تەنیا رێوشوێنێکی بەرگرییە لە بەرامبەر ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی دیمەشق پێی گەیشتوون لە بارەی ئەگەری هێرشی چەکدارە عێراقییەکان بەسەر سنووردا.
هاوكات، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، هێزەکانی سوپای سووریا لە شاری ئەلبوکەمال و دەوروبەری هێڵی سنووری لەگەڵ عێراق بڵاوەیان پێکراوە، هاوکات فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی ناوچەکەدا دەبینرێت و قەدەخەکردنی وێنەگرتنی جموجۆڵە سەربازییەکان راگەیەندراوە.
لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کەناڵی 'السومرية نيوز'ـی گوت: جموجۆڵەکانی ناو خاکی سووریا پەیوەندییان بە دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی سەربازیی دیاری سووریاوە هەیە بە ناوی "ئەبو عەمشە"، فەرماندەی پێشووی فیرقەی سوڵتان (ناسراو بە فیرقەی 62) لە پارێزگای حەلەب.
بە گوتەی سەرچاوەکە، دەستگیرکردنی "ئەبو عەمشە" لە حەلەب و دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلەکانی رەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی یاخیبوون لە ناو یەکەکانی سوپای سووریادا، بۆیە فەرماندەیی سەربازیی ئەو وڵاتە ئەم رێوشوێنە بە پەلە و ئامادەباشییەی گرتووەتەبەر.
ئەم روونکرانەوە ئەمنییە دوای ئەوە دێت کە پێشتر سەرچاوە ناوخۆییەکانی سووریا ئاماژەیان بە هەبوونی ئامادەباشی و ناردنی هێزی زۆری سوپا بۆ سەر سنووری عێراق کردبوو بەبێ ئەوەی هۆکارە راستەقینەکەی ئاشکرا بکرێت.
لە لای خۆیەوە، محەمەد عەبدولوەهاب، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند، دۆخی سەر سنوور ئاساییە و جووڵەکانی لایەنی سووریا بۆ گرتنەدەستی سنوور بە ئاگاداری و هەماهەنگی لەگەڵ ئێمەدا دەکرێت.
هەروەها گوتیشی: "هیچ هەڕەشەیەکی ئێستا لەسەر سنوورەکان نییە و ئاڵوگۆڕ و هەماهەنگیی زانیاری لەگەڵ هێزەکانی پاسەوانی سنووری سووریادا هەیە."
هاوکات باسی لەوەش کرد "یەکە سەربازییەکانمان بە بەهێزییەوە کۆنتڕۆڵی سنووریان کردووە و لایەنی سووری تا ئێستا بنکەکانی سەر سنووری دانەمەزراندووەتەوە".