پاکستان دەیەوێت گرێکوێرەی نێوان ئێران و ئەمریکا بکاتەوە

پاکستان: دەمانەوێت ئاڵۆزییەکانی ئێران و ئەمریکا نەهێڵین

باڵیۆزی پاکستان لە رووسیا رایگەیاند، ئیسلام ئاباد لە هەوڵێکی بەردەوامدایە و وەک کەناڵێکی پەیوەندی، کار دەکات بۆ ئەوەی رێگری لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بگرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، فەیسەڵ نیاز ترمزی، باڵیۆزی پاکستان لە رووسیا لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی هەم بە شێوەی ئاشکرا و هەم لە رێگەی کەناڵی دیپلۆماسی نهێنییەوە کار دەکات بۆ ئەوەی لایەنەکان لێکگەیشتنیان هەبێت. دەڵێت: "ئێمە بڕوامان بە دیپلۆماسی هەیە و لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی ناوچەکە کار دەکەین کە دەیانەوێت ئاشتی بەرقەرار بێت."

بەردەوام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باس لەوە دەکات، گفتوگۆکان بەردەوامن و رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و پرسی ئەتۆمی نزیکە، بەڵام ئێران پێداگری دەکات، هیچ گفتوگۆیەکی راستەوخۆیان لەگەڵ ئەمریکادا نییە و تەنیا لە رێگەی سەڵتەنەتی عومانـەوە بۆ کاروباری گەرووی هورمز قسە دەکەن.

لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا هەوڵێک بۆ ئاشتەوایی60 رۆژە و چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی ئێران دەستیپێکردبوو، کە تەنانەت بووە هۆی کردنەوەی گەرووی هورمز بۆ کەشتییەکان، بەڵام لە مانگی تەمموزدا بەهۆی دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان، ئەو هەوڵانە بێ ئەنجام مانەوە و جارێکی تر گەشتی کەشتییەکان لەو ناوچە ستراتیژییەدا ڕووبەڕووی مەترسی و هێرش بووەوە