دەم پارتی پڕۆژەیاسای "چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی" واژۆ کرد
دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا واژۆی لەسەر پڕۆژەیاسای "چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی" کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 05ـی ئابی 2026، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، شاندێکی باڵای پارتەکە، بە فەرمی واژۆی لەسەر پڕۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی کردووە. پڕۆژەیاساکە بە ناوی "پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی هاوپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" ناسراوە و ئامانج لێی، دانانی زەمینەیەکی یاساییە بۆ پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان.
شاندەکەی دەم پارتی بە سەرۆکایەتیی هەردوو هاوسەرۆک، تولای هاتیمۆغولاری و تونجەر باکرهان بەشدارییان لە رێکارەکەدا کرد. لەگەڵ ئەوانیشدا بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆن، دەستەی کارگێڕیی فراکسیۆن، گوتەبێژی پارتەکە، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئافرەتان، ئەندامانی شاندی ئیمراڵی و ئەندامانی لیژنەی دادوەری و کۆمیسیۆنی ئاشتی ئامادە بوون.
واژۆکردنی ئەم پڕۆژەیە لەلایەن ئەم تیمە فراوانەوە نیشاندەری جدییەتی پارتەکەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە رێگەی پەرلەمانەوە.
ئەم پڕۆژەیاسایە لە تورکیا بە "یاسای چوارچێوە" ناسراوە و لە 12 ماددە پێکدێت. ئامانجی سەرەکیی پرۆژەکە گواستنەوەی پرسی کوردە لە گۆڕەپانی ململانێی چەکدارییەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی و یاسایی.
پێشتر پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بە فەرمی واژۆیان لەسەر هەمان پڕۆژەیاسا کردبوو.
هەروەها دەوڵەت باخچەلی و سەرکردەکانی تری تورکیا پشتیوانیی خۆیان بۆ پرۆسەکە راگەیاندووە.
چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا پڕۆژەکە بخرێتە دەنگدانەوە لەناو پەرلەمانی تورکیادا و بە پەسەندکردنیشی، قۆناخێکی نوێی مێژوویی لە تورکیا دەست پێبکات.