سلێمانی.. پێشانگەی هاوبەشی هونەرمەندانی سیرامیک کرایەوە
پێشانگەیەکی هاوبەشی هونەرمەندانی سیرامیک بەبەشداری 18 هونەرمەند، لەژێر ناونیشانی "قوڕ و پەنجە زێڕینەکان"، لە گەلەری گەلاوێژ لە سلێمانی کرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی ئابی 2026، مەریوان جەلال، هونەرمەندی شێوەکار بە کوردستان24ی راگەیاند، "کارەکانمان لەو پێشانگە هاوبەشە لە نێوان فۆڕمە ئەبستراکتەکان، شێوە و هێمای سروشت، باڵندە، ماسی، رووخساری مرۆڤ و پەیکەرسازیی هاوچەرخدا بوون. هەر بەرهەمێک بە تەکنیکی جیاواز دروستکراوە و جیاوازیی رەنگ، گڵ، گڵاو و سووتاندنی کەرەستەکان، ناسنامەی تایبەتی بە هەر کارێک بەخشراوە. ئەو جیاوازییەش وای کردووە پێشانگەکە ببێتە شوێنێک بۆ ناسینەوەی گەشەی هونەری سیرامیک لە کوردستان."
گوتیشی، "هەر پارچەیەکی سیرامیک چیڕۆکێکی تایبەتی خۆی هەیە. هەندێک لە کارەکان لە سروشتەوە ئیلهامیان وەرگرتووە، هەندێکی دیکە باس لە پەیوەندیی مرۆڤ بە ژینگە، یادەوەری و ناسنامەی کەسایەتی دەکەن. ئامانجی ئێمە ئەوەیە بینەر تەنیا سەیری بەرهەمەکانمان نەکات، بەڵکو لەگەڵ هەر کارێک گفتوگۆ بکات و مانای تایبەتی خۆی لێ وەربگرێت."
ئەو شێوەکارە باس لە گرنگیی کردنەوەی ئەو پێشانگە هاوبەشە دەکات و دەڵێت، "ئەو پێشانگە هاوبەشە رۆڵێکی گرنگیی هەیە لە گەشەپێدانی هونەر، چونکە دەرفەتێک دروست دەکات بۆ گۆڕینەوەی ئەزموون و ناساندنی شێوازە جیاوازەکانی کارکردن بە گڵ و سیرامیک. ئەو جۆرە چالاکیانە هۆکارێکن بۆ نزیککردنەوەی هونەرمەند و کۆمەڵگە و زیادکردنی هۆشیاری سەبارەت بە گرنگیی هونەری سیرامیک و شوێنی ئەو هونەرە لە بزووتنەوەی هونەری هاوچەرخی کوردستاندا."
هونەرمەندانی بەشداربووی پێشانگە هاوبەشەکە بریتی بوون لە، بەناز رەئوف، ژیان محەمەد، دیمەن ئەکرەم، کاوە محەمەد، مەریوان جەلال، مهاباد جەمال، د. نەعیمە محەمەد، نزار عبدولهادی، سەعد عانی، سازان عەلی، سۆزە محەمەد، سۆزان محەمەد، ڤیان ئەحمەد، فەرەیدون عومەر، د. رۆژگار کەمال، روناک عوسمان، رەئوف عومەر، تەرزە ئەحمەد.
پێشانگەی هاوبەشی هونەرمەندانی سیرامیک لەژێر ناونیشانی "قوڕ و پەنجە زێڕینەکان"، رۆژی سێشەممە، 4ی ئابی 2026، لە گەلەری گەلاوێژ لە سلێمانی کرایەوە و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.