سەرۆکوەزیران و فەرماندەی سوپای پاکستان دەچنە سعوودیە

سەرچاوەکانی پاکستان بە کەناڵی (العربیة) یان راگەیاندووە، بڕیارە سبەی پێنجشەممە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیران و عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان سەردانی عەرەبستانی سعودیە بکەن.

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامن، بەڵام لێدوانی ناروون و دژبەیەک دەربارەی بوون و سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەدرێن.

لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا جەخت لەسەر بەڕێوەچوونی دانوستانی "بەردەوام" لەگەڵ تاران دەکەنەوە کە ڕەنگە ببێتە هۆی رێککەوتنێکی "نزیک" بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز و داماڵینی چەکی ناوەکیی ئێران؛ تاران بوونی هەرجۆرە دانوستانێک لەگەڵ واشنتن رەت دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، تەنیا لەگەڵ سەڵتەنەتی عومان لە دانوستاندایە بۆ دانانی میکانیزمێک بە مەبەستی ڕێڕەوێکی تێپەڕبوونی ئارام لە گەرووی هورمز.

پێشتر لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان واشنتن و تاران واژۆ کرابوو، کە رێڕەوێکی 60 رۆژەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چارەسەرکردنی کۆمەڵێک دۆسیە دەستپێکرد، کە لە سەروویانەوە دۆسیەی ناوەکیی ئێران بوو.