کۆبوونەوەی عەممان: قودسی رۆژهەڵات پایتەختی هەمیشەیی فەڵەستینە

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و نوێنەرانی چەندین وڵاتی ئیسلامی، لە کۆبوونەوەی عەمماندا، هۆشدارییان دایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا و پیرۆزییەکان، ناوچەکە بەرەو ململانێیەکی ئایینیی مەترسیدار دەبات کە هەڕەشە لە ئاشتیی جیهانی دەکات.

چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە عەممانی پایتەختی ئوردن بەڕێوەچوو. هەروەها کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی پەرەسەندنە مەترسیدارەکانی قودس و هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ گۆڕینی ناسنامەی عەرەبی، ئیسلامی و مەسیحیی شارەکە.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیرانی دەرەوەی ئەندامانی لێژنەی وەزاریی عەرەبی (ئوردن، تونس، جەزائیر، عێراق، قەتەر، سعوودییە، سۆماڵ، فەڵەستین، میسر، مەغریب و ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی) هاوشان لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و نوێنەرانی ئەندۆنیزیا، پاکستان، تورکیا و مالیزیا بەشدار بوون.

 

بە پێی راگەیەنراوی کۆتایی کۆبوونەوەکە، بەشداربووان لەسەر ئەم خاڵانەی رێککەوتن:

سەرکۆنەکردنی سیاسەتەکانی ئیسرائیل:  سەرکۆنەکردنی توندی هەموو ئەو کار و رێوشوێنانەی ئیسرائیل کە ناسنامەی مێژوویی، دیموگرافی و یاسایی قودس دەکەنە ئامانج؛ بەشداربووان ئەم کارانەیان بە پووچەڵ و پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان دانا.

پێگەی یاسایی قودس:  جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی قودسی رۆژهەڵات بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکی داگیرکراوی فەڵەستین و پێویستە ببێتە پایتەختی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین لەسەر سنوورەکانی 4ـی حوزەیرانی 1967، لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەت و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان.

مزگەوتی ئەقسا: سەرکۆنەکردنی هەڵکوتانە بەردەوامەکانی جووەکان و بەرپرسە توندڕەوەکانی ئیسرائیل بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا و، رەتکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دابەشکردنی کاتی و شوێنیی ئەو شوێنە پیرۆزە.

ئیدارەدانی مزگەوتی ئەقسا: دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە مزگەوتی ئەقسا بە تەواوی رووبەرەکەیەوە تەنیا شوێنی پەرستشی موسڵمانانە و، تەنیا بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی قودسی سەر بە وەزارەتی ئەوقافی ئوردن دەسەڵاتی یاسایی و سەرپەرشتیاریکردنی کاروباری مزگەوتەکەی هەیە.

پیرۆزییە مەسیحییەکان: سەرکۆنەکردنی هێرش و پێشێلکارییەکان دژی ناوەندە مەسیحییەکان و سنووردارکردنی ئازادیی پەرستش لە کەنیسەی قیامەدا.

سەرپەرشتیی هاشمی: پشتگیریکردنی بەردەوامی سەرپەرشتیی مێژوویی بنەماڵەی هاشمی بەسەر پیرۆزییە ئیسلامی و مەسیحییەکان لە قودسدا.

خۆڕاگریی خەڵکی قودس: پاڵپشتیکردنی مانەوە و خۆڕاگریی هاووڵاتیانی فەڵەستینی لە ناوخۆی قودس لە رێگەی پێشکەشکردنی هاوکاریی گەشەپێدان و پاراستنی دامەزراوەکانیان.

لیژنەی قودس: بەهێزکردن و بەرزنرخاندنی رۆڵی لیژنەی قودس و ئاژانسی "بیت مال القدس الشریف" لە پشتیوانیکردنی شاردەکەدا.

هۆشداری لە ململانێی ئایینی: ئاگادارکردنەوەی جیهان لەوەی کە دەستدرێژی بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا بریندارکردنی هەستی نزیکەی دوو ملیار موسڵمانە و ناوچەکە بە ئاڕاستەی شەڕێکی ئایینی دەبات کە ته‌واوی ئاشتیی جیهانی دەخاتە مەترسییەوە.

داواکاری لە ئەنجوومەنی ئاسایش: داواکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ دەستوەردانی دەستبەجێ بە مەبەستی راگرتنی پێشێلکارییەکان و کارەساتی مرۆیی لە کەرتی غەززە و کەناری رۆژاوا.

رەتکردنەوەی بڕیاری تاکلایەنە: رەتکردنەوەی هەر هەنگاوێک بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانە یان نێردە دیپلۆماسییەکان بۆ شاری قودس.

جموجۆڵی نێودەوڵەتی: دەستپێکردنی هەوڵێکی دیپلۆماسیی هاوبەش بۆ دروستکردنی گوشاری نێودەوڵەتی لەسەر ئیسرائیل وەک هێزێکی داگیرکەر بۆ رێزگرتن لە دۆخی مێژوویی قودس.

سەکۆی میدیایی هاوبەش: دامەزراندنی میکانیزمێکی بەردەوام و سەکۆیەکی میدیایی بۆ دۆکیۆمێنتکردن و پیشاندانی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ رای گشتیی جیهان.

کۆبوونەوەی نیویۆرک: بانگهێشتکردنی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی وەزاری لە نێوان رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی و کۆمکاری عەرەبی لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو لە نیویۆرک.

سوپاسگوزاری: ئاڕاستەکردنی سوپاس و پێزانین بۆ ئوردن بە مەبەستی رێکخستن و سەرپەرشتیکردنی سەرکەوتووانەی ئەم کۆبوونەوەیە