115 وڵات رێکاری توندیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی جەنگی ئێران گرتووەتە بەر

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ئاشکرای کرد، زیاتر لە 115 وڵات رێکاری جۆراوجۆریان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ لێکەوتەکانی جەنگی ئێران و داخستنی گەرووی هورمز گرتووەتە بەر، بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پچڕانی دابینکردنی وزە لە جیهاندا.

چوارشەممە 5ـی ئابی 2026، ئاژانسی نێودەوڵەتی وز، لە راگەیەنداروێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، رێکخستنەوەی بەکاربردنی وزە لە لایەن 58 حکوومەتەوە وەک هەنگاوێکی بەپەلە جێبەجێ کراوە، کە چەندین بوار دەگرێتەوە وەک کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی، هاندانی سیستەمی کارکردن و خوێندن لە رێگەی دوورەوە، کەمکردنەوەی گەشتە حکوومییەکان و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی کارەبا لە باڵەخانە گشتییەکاندا.

جەختی لەوەشکردووەتەوە، 94 وڵات پەنایان بۆ دابینکردنی پاڵپشتی دارایی راستەوخۆ بردووە بۆ جێگیرکردنی نرخی وزە، ئەمەش لە رێگەی دیاریکردنی بنمیچی نرخ، پاڵپشتیکردنی سووتەمەنی و گرتنەبەری رێکاری باج بۆ سووککردنی بارگرانی سەر شانی بەکاربەران.

هەروەها باسی لەوەشکردووە، رێگەی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سووتەمەنی لەلایەن 30 وڵاتەوە وەک ستراتیژێکی درێژخایەن دیاری کراوە، ئەویش لە رێگەی کاراکردنی بەرنامەکانی کارایی وزە، فراوانکردنی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هاندانی بەکارهێنانی وزە نوێبووەوەکان.

فاتیح بیرۆل، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، چەندین جار هۆشداری داوە، ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز دڵەڕاوکێی زۆری سەبارەت بە ئاسایشی دابینکردنی نەوت و ناڕوونی لە ئاسۆکانی بازاڕدا دروست کردووە، هەرچەندە ئاماژەی بە بوونی هەندێک هۆکاری سووککەرەوەش کردووە.

رەوشی بازاڕەکانی بەنزین و گازوایل هێشتا بەدەست کەمیی خستنەڕووەوە دەناڵێنن، ئەمەش بەهۆی دابەزینی ئاستی کۆگاکان و زیادبوونی خواست لە وەرزی گەشتوگوزاری هاویندا، سەرەڕای ئەو ئاڵۆزییانەی لە گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکانی پەیوەست بە رووسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بوون.

رووسیا بەهۆی هێرشەکان و سنووردارکردنی هەناردەی گازوایلەوە زیانی بەرکەوتووە، لە هەمان کاتدا ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توانای هەندێک لە پاڵاوگەکانی کەنداوی بۆ هەناردەکردنی بەنزین و دیزل و سووتەمەنی فڕۆکە بە خێراییەکی ئاسایی کەم کردووەتەوە.

رێگری لە پەککەوتنی زنجیرەی دابینکردن پێویستی بە هێورکردنەوەی بارودۆخەکە هەیە، چونکە ئاژانسەکە هۆشداری دەدات، هەر پەرەسەندنێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوشارەکان بۆ سەر بازاڕەکان توندتر دەکاتەوە، لە کاتێکدا جیهان هێشتا سەرقاڵی چاکبوونەوەیە لە شوێنەوارەکانی ئاڵۆزییەکانی چەند مانگی رابردوو.