رووسیا.. بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی دروستکردنی درۆن بریندار کرا
راگەیاندنە فەرمییەکانی رووسیا بڵاویان کردەوە، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەری درۆن کە لە جەنگی ئۆکرانیادا بەکاردەهێنرێن، بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەیەوە بە سەختی بریندار بووە.
چوارشەممە 5ـی ئابی 2026، رووداوەکە لە نزیک شاری یکاتەرینبۆرگ لە ناوچەی ئۆرال روویداوە و ئاژانسی هەواڵی تاس لە زاری سەرچاوەیەکی پزیشکییەوە گواستوویەتییەوە کە "فلادیمێر تکاچووک" لە ژێر چاودێری وردی پزیشکیدایە و بارودۆخی تەندروستی ناجێگیرە.
رێکارە یاساییەکان و لێکۆڵینەوەی تاوانکاری بە تۆمەتی هەوڵی کوشتن لەلایەن دەسەڵاتدارانی رووسیاوە دەستی پێکردووە، لە کاتێکدا وێنە بڵاوکراوەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پاشماوەی ئۆتۆمبێلێکی بەتەواوی سووتاو نیشان دەدەن.
رێکخراوەکانی ئەوروپا و ئەمریکا پێشتر سزایان بەسەر تکاچووک و کۆمپانیاکەیدا سەپاندبوو، چونکە یەکێکە لە دابینکارە سەرەکییەکانی درۆنی جۆری "FPV Upyr" بۆ سوپای رووسیا لە جەنگی دژی ئۆکرانیادا.
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم بەڕێوەبەرە پێگەیەکی گرنگی لای کرێملین هەبووە و تەنانەت لە ساڵی 2024ـدا ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، راستەوخۆ لە کارەکانی ئەم کۆمپانیایەی کۆڵیوەتەوە.
رەوتی هێرشەکان بۆ سەر داڕێژەرانی چەکی رووسی پەرەی سەندووە، بەو پێیەی تەنها هەفتەیەک پێش ئێستا ئەندرێ چێریزۆڤ کە ئەویش دیزاینەری درۆنە، لە شاری تولا لە رۆژئاوای رووسیا رووبەڕووی تەقەکردن بووەوە.
رووسیا لەوەتەی دەستپێکردنی هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی 2022، شایەدی چەندین کردەوەی هاوشێوە بووە کە بەرپرسانی سەربازی و سیاسی کردووەتە ئامانج، هەندێکیان لەلایەن کیێڤەوە بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆ گیراوە.