وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا چەند سزایەکی لەسەر ئێران و عێراق هەڵگرت

نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە بیانییەکانی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن سزاکانی سەر کۆمپانیای گەشتە ئاسمانییەکانی "فلای بەغداد" و فڕۆکەکانی هەڵگرتووە، کە پێشتر بە تۆمەتی پێشکەشکردنی پاڵپشتیی لۆجستی و گواستنەوەی چەک بۆ هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران سزادرابوون؛ هاوکات گۆڕانکاری لە مەلەفی سزادانی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەشدا کراوە.

چوارشەممە 5ـی ئابی 2026 وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، واشنتن کۆمەڵێک سزای پەیوەندیدار بە ئێرانی هەڵگرتووە کە پێشتر بەسەر چەند لایەن و دامەزراوەیەکدا سەپێندرابوون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمریکا سزاکانی سەر سێ دامەزراوەی ئێرانی هەڵگرتووە کە پێشتر بەهۆی پەیوەندی و پێشکەشکردنی پاڵپشتی لۆجستی و دارایی بە سوپای پاسدارانی ئێران (IRGC) خرابوونە لیستی گەمارۆ و سزاکانی ئەمریکاوە.

بەپێی راپۆرتی فەرمیی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە بیانییەکانی ئەمریکا (ئۆفاک - OFAC)،  ناوی کۆمپانیای گەشتە ئاسمانییەکانی "فلای بەغداد (Fly Baghdad Airlines Company)" کە بە ناوەکانی (فلای بغداد) و "عێراق ئێکسپرێس (Iraq Express)"یش دەناسرێت، بە تەواوی لە لیستی سزادراوەکانی ئەمریکا سڕاوەتەوە.

ئەم کۆمپانیایە کە لە ساڵی 2014دا دامەزراوە و بنکەی سەرەکی لە گەڕەکی جادرییەی بەغدایە، پێشتر بە تۆمەتی پێشکەشکردنی هاوکاریی لۆجستی و گواستنەوەی چەک، پێداویستیی سەربازی و دارایی بۆ هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران (IRGC) خرابووە لیستی سزاکانەوە.

بڕیاری لادانی سزاکانی گەنجینەی ئەمریکا، سەرجەم فڕۆکە بازرگانییەکانی ئەم کۆمپانیایەشی گرتەوە، کە پێشتر بەهۆی بەکارهێنانیان لە گواستنەوەی پێداویستیی سەربازیی هێزەکانی قودس بۆ ناو خاکی سووریا سزادرابوون.

هاوکات لەگەڵ لابردنی سزاکانی سەر کۆمپانیای فلای بەغداد، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گۆڕانکاریی جددی لە مەلەف و زانیارییەکانی هاووڵاتییەکی عێراقی سزادراو بە ناوی بەشیر عەبدولکازم عەلوان شەبانی کردووە.

بەشیر عەبدولکازم عەلوان شەبانی کە لە دایکبووی 1ی ئایاری 1986ە لە بەغدا، پێشتر بەهۆی پەیوەندیی نزیکی بە کۆمپانیای "فلای بەغداد"ەوە لە لیستی سزادراواندا بوو، بەڵام لەم ڕاپۆرتەدا، ئەمریکا پێگەی یاسایی سزادانی ناوبراوی گۆڕی بۆ پەیوەندیی ڕاستەوخۆ بە "هێزەکانی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران " بە بێ ئەوەی ناوی لە لیستی گشتیی سزادراوان (SDGT) بسڕدرێتەوە.