ئەکسیۆس: گفتوگۆی نێوان ئیسرائیل و لوبنان، بەهۆی پێشهاتەکانی وڵاتەکە راگیرا

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیاند، گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بە نێوەندگیریی واشنتن لە رۆما، پێش کاتی فەرمی بەهۆی پێشهاتە مەیدانییەکانەوە راگیرا، بەڵام پێشکەوتنی باش لە جێبەجێکردنی چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا تۆمارکراوە.

چوارشەممە 5ی ئابی 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆس (Axios) لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، گفتوگۆکانی ئەمڕۆی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بە ناوبژیوانیی ئەمریکا، لە کاتژمێر 15:30 بە کاتی رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کۆتاییان پێ هاتووە.

سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە گفتوگۆکان بەهۆی رووداو و پێشهاتە خێراکانی لوبنان زووتر لە کاتی ئاسایی خۆیان راگیراون، بەڵام بڕیارە سبەی بەیانی چوارشەممە لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان.

بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کرد، تەوەرەکانی گفتوگۆی ئەمڕۆ چڕبوونەتەوە لەسەر کۆمەڵێک پرسی جۆراوجۆری سیاسی و سەربازی و پڕۆسەکەی بە زۆر بەرهەمهێنەر وەسف کرد.

هەروەها، تیمە تەکنیکییەکانی هەردوولا توانیویانە پێشڕەوی و بەرەوپێشچوونی باش بەدەستبهێنن لە دیاریکردنی وردەکارییە سەرەکییەکانی پەیوەست بە میکانیزمی جێبەجێکردنی "چوارچێوەی سێقۆڵی" لە نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل، لوبنان و نێوەندگیری ئەمریکادا.

هەر ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل دوای تۆمەتبارکردنی بزووتنەوەی حزبوڵڵا بە پێشێلکردنی مەرجەکانی ئاگربەست، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی توندی کردە سەر چەند بنکەیەکی ئەو کۆمەڵەیە لە باشووری لوبنان، هاوکات ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاراستەی دانیشتووانی گوندی "مەنسووری" کرد تاوەکو دەستبەجێ ماڵەکانیان بە مەودای لانی کەم هەزار مەتر بەرەو باکوور چۆڵ بکەن.

دووشەممە 20ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، سوپای لوبنان دەستی کردووە بە گرتنەدەستی ئەمنیی سێ گوندی باشووری وڵاتەکە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە رێککەوتنی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان و چەککردنی حزبوڵڵا رووبەڕووی یەکەمین تاقیکردنەوەی خۆی دەبێتەوە لەسەر زەوی.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئۆپەراسیۆنی هێزەکان لە ناوچە ئەزموونکاری گوندەکانی فرون، سریفە، و زەوتەر غربیە لەسەر بنەمای رێککەوتنی "چوارچێوەی سێقۆڵی" و لە ژێر چاودێری گرووپی هەماهەنگی سەربازی بۆ لوبنان دەستیپێکردووە.

لە مانگی نیسانەوە بە سەرپەرشتی ئەمریکا لوبنان و ئیسرائیل دەستیان بە دانوستان کردووە بە ئامانجی کۆتایهێنان بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا.

رێککەوتنی چوارچێوەیی کە لە 26ی حوزەیراندا لەلایەن لوبنان، ئیسرائیل و ئەمریکاوە پاش چەندین خولی دانوستان واژۆکرا، پاشەکشەی قۆناخ بە قۆناخی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان لەخۆدەگرێت. لە بەرامبەردا، سوپای لوبنان کۆنترۆڵی ئەمنی ئەو ناوچانە دەگرێتە دەست و پشتڕاستی دەکاتەوە کە ناوچەکان لە چەک و ژێرخانی سەربازیی حزبوڵڵا پاککراونەتەوە. ناوچە ئەزموونکاری بۆ تاقیکردنەوەی ئەم شێوازە لە چەند گوندێکی نزیک رووباری لیتانی جێبەجێ دەکرێن پێش ئەوەی بۆ ناوچەکانی دیکە فراوان بکرێن.