مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک- گەرمیانی پارتی وەڵامی پارێزگاری کەرکووک دەداتەوە

مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی قسەکانی پارێزگاری کەرکووک دەداتەوە و رایدەگەیەنێت "قسەكردنی نابەرپرسیارانەی پارێزگاری كەركووك لەسەر ئەوەی ماددەی 140ـی دەستوور نەماوە، بە مانای بێ بەهاكردن و نەمانی دەستوور دێت. خۆشی باش دەزانێت ئەگەر دەستوور نەمێنت مانای ئەوەیە عێراق لە مانای دەوڵەتبوون بەتاڵ دەبێتەوە و نامێنێت".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا وەڵامی گوتەکانی محەممەد سەمعان کەنعان پارێزگاری کەرکووک دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، "سەبارەت بە قسەكانی ئەو دواییەی پارێزگاری كەركووك لەسەر چارەنووسی كەركووك و ماددەی 140، پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە پێی وابووە كە پێویستە شاری كەركووك ببێتە نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی و لەپێناو پاراستنی پێكەوەژیان و نەمانی گیروگرفتەكان دەبێ هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ئەم شارە خاوەنی ماف و ئەركی خۆیان بن"

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، دەستوور و ماددەی 140 نەخشەڕێگەیەكی دروست و سەردەمیانەی بۆ چارەسەركردن و نەهێشتنی گرفتەكان لە پارێزگای كەركووك و شوێنەكانی تری عێراق داناوە. قسەكردنی نابەرپرسیارانەی پارێزگاری كەركووك لەسەر ئەوەی كە ماددەی 140ـی دەستوور نەماوە، بە مانای بێ بەهاكردن و نەمانی دەستوور دێت.

هاوکات لە راگەیەنراوەکەی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک- گەرمیانی پارتیدا هاتووە ، پارێزگاری کەرکووک "خۆشی باش دەزانێت ئەگەر دەستوور نەمێنت مانای ئەوەیە عێراق لە مانای دەوڵەتبوون بەتاڵ دەبێتەوە و نامێنێت، ئەو جۆرە لێدوانانە بە هیچ جۆر خزمەتی بەرژەوەندیی پێكهاتەكان و دانیشتوانی كەركووك ناكات بەڵكو لە ڕاستیدا ئەمە هەوڵێكی نابەجێیە بۆ شكاندنی تەبایی و برایەتی و كاركردنە بۆ فیتنەگێڕی و قووڵكردنەوەی كێشەكان".

لە راگەیەنراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، "هەموو لایەك باش دەزانن بوونی محەمەد سەمعان كەنعان بە پارێزگاری كەركووك لە ئەنجامی سەفەقەیەكی گوماناویی (فندق الرشید) بووە. ئەگەر هەڵبژاردنێكی ئازاد و دیموكراتی و سرووشتی با و ئەو سەفەقەیە نەبا، دۆخەكە بە شێوەیەكی تر دەبوو".

لە کۆتاییدا مەکتەب رێکخستنی پارتی لە کەرکووک رایگەیاندووە "بە پێویستی دەزانین پارێزگاری كەركووك و هەموو ئەوانەی بەرپرسیارێتییان لە كەركووك هەیە، رێز لە دەستوور و مافی دانیشتوانی كەركووك بگرن و ژیرانە رەفتار بكەن، دەبێ هەمووان بۆ تەبایی و پاراستنی بەرژەوەندیی كەركووك و كەركووكییەكان كار بكەین نەك بۆ تێكدان و ئاژاوەگێڕی.