کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز لە هێرشێک رزگاری بوو
دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO)، رایگەیاند، زانیارییان پێگەیشتووە سەبارەت بە رووداوێک لە دووری 9 میلی دەریایی لە باشووری رۆژهەڵاتی ناوچەی کەمزار لە عومان.
بەگوێرەی راپۆرتی دەستەکە، کاپتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگر ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتی تێپەڕبوونیان بە ناو گەرووی هورمزدا، بە دوو تەقینەوەدا تێپەڕیونو رزاگاریان بووە. دەستەکە دڵنیایی داوە، کەشتییەکە و سەرجەم ستافەکەی سەلامەتن و هیچ زیانێکی ژینگەیی بەهۆی رووداوەکەوە تۆمار نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا داوای لە کەشتییەکان کردووە لە کاتی تێپەڕبوون بەو ناوچەیەدا بەوریاییەوە مامەڵە بکەن.
ئەم پەرەسەندنە ئەمنییە لە کاتێکدایە، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی و دوو بەرپرسی ناوچەکەوە بڵاویکردەوە، پێشنیازێک لە نێوان تاران و مەسقەتدا هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگ و گرژییەی ماوەی پێنج مانگە لە نێوان ئێران و ئەمریکادا بەردەوامە. بەگوێرەی پێشنیازەکە، مافی کۆنترۆڵکردنی ئەو کەشتییانەی دەچنە ناو کەنداو لە رێگەی گەرووی هورمزەوە، دەدرێت بە ئێران.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە نزیکبوونەوەی رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی گەرووەکە کردووە، بەڵام بەرپرسانی واشنتن جەخت دەکەنەوە، بە هیچ شێوەیەک رازی نابن ئێران کۆنترۆڵی جوڵەی گەشتیاری و بازرگانی لەم رێڕەوە گرنگەی وزەدا بکات، پێش هەڵگیرسانی شەڕەکە بەبێ هیچ باج و رێگرییەک بە رووی هەموو کەشتییەکاندا کراوە بوو.
ئێستا ئێران و عومان سەرقاڵی گفتوگۆی دووقۆڵین سەبارەت بە بەڕێوەبردنی گەرووەکە، هەردوو وڵات بەسەر رێڕەوەکانی باکوور و باشووریدا دەڕوانن. تاران رایگەیاندووە پێشکەوتنی بەرچاو لە گفتوگۆکاندا بەدی هاتووە و جەخت دەکاتەوە دەبێت هاتوچۆی کەشتییەکان بۆ ناوەوە و دەرەوەی گەرووەکە لە رێگەی ئاوە هەرێمییەکانی ئێرانەوە بێت.