ئێران بۆ ئەمریکا: هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەمان کەنداو دەکەینە ئامانج

ئاژانسی رویتەرز بڵاوی کردەوە، حکوومەتی ئێران هۆشداریی داوەتە وڵاتانی کەنداو، هەر هێرشێکی نوێی ئەمریکا بۆ سەر خاکەکەی، بە بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئەو وڵاتانە وەڵام دەدرێتەوە.

رویتەرز لە زاری پێنج سەرچاوەوە گواستوویەتیەوە کە ئێران وڵاتانی کەنداوی ئاگادار کردووەتەوە: هەر هێرشێک دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەیەک کە ژێرخانی هەستیاری وزە لە سەرانسەری ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەم هۆشدارییە لە رێگەی زنجیرەیەک پەیوەندیی دیپلۆماسیی باڵاوە بووە، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 28ـی تەممووزدا هەڕەشەی لێدانی تۆڕی وزە و ژێرخانی ئێرانی کرد.

ئاژانسەکە روونی کردووەتەوە، دوو بەرپرسی باڵای ئێران، دوو سەرچاوەی کەنداو و دیپلۆماتکارێکی باڵای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئاگاداری گفتوگۆکان بوون، رایانگەیاندووە: عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ هاوتاکانی لە سعوودیە، تورکیا و قەتەر، هەروەها لەگەڵ فەرماندەی سوپای پاکستان قسەی کردووە.

دیپلۆماتکارە باڵاکە رایگەیاندووە، عێراقچی داوای لە هاوپەیمانەکانی واشنتن لە کەنداو کردووە کاریگەریی خۆیان لەسەر ترەمپ بەکاربهێنن بۆ ئەوەی پاشگەزی بکەنەوە لە ئەنجامدانی هێرشی نوێ، و هۆشداریی داوە، هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران، دەبێتە هۆی هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییە ئەمریکییەکان و دامەزراوەکانی وزە لە سەرانسەری کەنداو.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، واشنتن لە گفتوگۆی باشدایە لەگەڵ تاران سەبارەت بە کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئەتۆمی، هاوکات هۆشدارییەکەی دووپات کردەوە بە وەشاندنی گورزێکی بێپێشینە لە ئێران ئەگەر ئەو رێڕەو ئاوییە بە داخراوی بمێنێتەوە.

ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوز رایگەیاند: گفتوگۆی زۆر باش ئەنجام دەدەین و گەرووی هورمز بەم زووانە دەکرێتەوە، ئەگەرنا ئێران رووبەڕووی لێدانێکی بەهێز دەبێتەوە کە ئەوەشمان ناوێت.

هەروەها گوتیشی: خەریک بوو گەورەترین هێرش بکەینە سەر ئێران لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، بەڵام ئەوان داوای گفتوگۆیان کرد، و جەختیشی کردەوە ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، جیهان جیاواز دەبێت.