تیمێکی تایبەت لە سۆران لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کڕمگرتنی ماسییەکان دەکات

بەهۆی تووشبوونی ژمارەیەکی زۆری ماسی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە نەخۆشیی کڕمگرتن و دیاردەی لێڵبوونی رووبارەکان، فەرمانگەی ژینگەی سۆران بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمێکی تاقیگەییی لە هەولێرەوە، پشکنین و لێکۆڵینەوەی مەیدانی بۆ هەردوو رووباری باڵەکیان و کاولۆکان سنوورەکە دەستپێکرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ی ئابی 2026، هەژار ماهر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ماڵپەڕی کوردستان24ی راگەیاند "لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆری ماسی لە هەردوو رووباری باڵەکیان و کاولۆکان تووشی کڕمگرتن بوون، لەسەر ئەم بنەمایە دوێنێ چوارشەممە، لیژنەیەکی شارەزا و تایبەتمەند سەردانی هەردوو رووبارەکەیان کرد."

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران گوتیشی "پشکنینەکان تایبەتکراون و دەمانەوێت لە ڕووی زانستییەوە لە هۆکاری کڕمگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ماسییانە بکۆڵینەوە، بۆ ئەوەش بە ئامێری تایبەت تاقیکردنەوە (تێست) کراوە بۆ ئەوەی ئەنجامە راستەقینەکەی بۆ ڕوون بێتەوە."

هاوکات لە راگەیەندراوێکی فەرمانگەی ژینگەی سۆراندا هاتووه‌، بەهۆی نەبوونی پێداویستیی تاقیگەیی لە هۆبەی تاقیگەی فەرمانگەکەیان، دوای ئاراستەکردنی داواکاری بۆ فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، شاندێکی تاقیگەیی سەردانی سۆرانیان کردووە. لە سێ شوێنی جیاوازدا، لە رووباری باڵەکیان، کەونه‌گوند و دەوروبەری رووبارەکە، نموونەی (سامپڵ)ی ئاو و ماسییەکان وەرگیراون.

ئەم بەدواداچوونانە لەسەر راسپاردەی کۆبوونەوەی لێژنەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ئیدارەی سۆران دێت کە لە 23ی تەممووزی 2026، بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەستەی ژینگە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و جێگرەکەی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچوو، کاتێک داوای بەدواداچوونی بەپەلە بۆ کێشەی لێڵبوونی ڕووبارەکان و فەوتانی ماسییەکان کرابوو.

فەرمانگەی ژینگەی سۆران هاووڵاتییانی سنوورەکە دڵنیا دەکاتەوە کە لە دوای دەرچوونی ئەنجامەکان، لە رێگەی ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلەوە راستییەکانیان بۆ ئاشکرا دەکەن، هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی ڤێتێرنەری و کشتوکاڵی سنوورەکە، لەسەر شیکاریی هۆکاری کڕمگرتنی ماسییەکان لێکۆڵینەوەی رژد بەردەوام دەبێت.