کرێی گواستنەوەی یەکەی نیشتەجێبوون لە دهۆک کەم کرایەوە
کارگێڕیی پارێزگای دهۆک بڕیارێکی نوێی دەرکرد بۆ کەمکردنەوە و رێکخستنی نرخی گواستنەوەی یەکەی نیشتەجێبوون، ئامانج لێی کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شانی هاووڵاتییان و بووژاندنەوەی کەرتی خانووبەرەیە لە پارێزگاکە.
لە رابردوودا پرۆسەی گواستنەوەی یەکەی نیشتەجێبوون لە پرۆژەکانی دهۆک تێچوویەکی زۆری هەبوو، ئەمەش زۆرجار دەبووە هۆی هەڵوەشانەوەی گرێبەستی کڕین و فرۆشتن. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، کارگێڕیی پارێزگای دهۆک بڕیارێکی دەرکرد بۆ دیاریکردنی نرخێکی جێگیر بۆ ئەو پرۆسەیە.
شەریف مزیری، نوێنەری کۆمپانیایەکی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون لەم بارەیەوە دەڵێت: "بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی گشتیدایە و ئێمەش وەک کۆمپانیاکان پێوەی پابەندین. هەر بڕیارێک خزمەت بە هاووڵاتییان بکات، ئێمە پشتگیریی دەکەین و بەبێ هیچ کێشەیەک جێبەجێی دەکەین."
پێشتر کۆمپانیاکان بڕە پارەیەکی زۆریان لە کڕیار و فرۆشیار وەردەگرت تەنیا بۆ گۆڕینی ناو لەسەر گرێبەستەکان. دلشاد حوسێن، خاوەنی نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە ئاماژە بە بارگرانییەکانی پێشوو دەکات و دەڵێت: "لە رابردوودا بڕی تێچووی گواستنەوە لە 500 دۆلارەوە دەستی پێدەکرد و دەگەیشتە سێ هەزار دۆلار، ئەمەش پارەیەکی زۆر بوو. زۆرجار بەهۆی ئەم بڕە زۆرەوە، پرۆسەی کڕین و فرۆشتن هەڵدەوەشایەوە و خەڵک نەیاندەتوانی موڵکەکانیان بفرۆشن."
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، نرخی گواستنەوە زۆر کەم کراوەتەوە و کراوەتە سیستمێکی یەکگرتوو. عەبدولعەزیز سەعدون، سەرۆکی کۆمەڵەی نێوەندگیری و راوێژکاریی خانووبەرە روونیکردەوە: "لەمەودوا سیستمێکی یەکگرتوو جێبەجێ دەکرێت. تەنیا 100 دۆلار بۆ گواستنەوەی یەکەی نیشتەجێبوون وەردەگیرێت، بڕی 50 دۆلار لە کڕیار و 50 دۆلاریش لە فرۆشیار وەردەگیرێت، لەم بڕەش زیاتر وەرگرتنی رێگەپێدراو نییە."
ئەم هەنگاوە نوێیە پێشبینی دەکرێت جووڵەیەکی باش بخاتە بازاڕی خانووبەرە لە دهۆک و پرۆسەی کڕین و فرۆشتن زۆر ئاسانتر بکات.
لە دهۆک زیاتر لە 40 پرۆژەی نیشتەجێبوون هەن و دەیان کۆمپانیای خانووبەرە لەم کەرتەدا کار دەکەن.