لە رۆمانیا خەڵاتی رێزلێنان بە هونەرمەندێکی کورد بەخشرا

هەندرێن خۆشناو، هونەرمەندی کاریکاتێریستی کورد، لە 36ەمین چاپی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئەدەبیاتی کاریکاتێر، کارتۆن و گاڵتەجاڕی، کە لەلایەن مۆزەخانەی داب و نەریتە میللییەکانی بوکۆڤینا لە شاری گورا هومۆرولوی رۆمانیا رێکخرا، بەشداری کرد و خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ی ئابی 2026، هەندرێن خۆشناو، هونەرمەندی کاریکاتێریستی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە بە تەوەری "پڕوپاگەندە"، بەڕێوەچوو و بەشدارییەکی فراوانی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێک 338 کاریکاتێریست و کارتۆنیستی پیشەگەر و 75 بەشداربووی تەمەنی خوار 18 ساڵ لە 67 وڵات بەشدارییان تێدا کرد، کە ئەمەش دووبارە پێگەی فێستیڤاڵەکەی وەک یەکێک لە گرنگترین رووداوە نێودەوڵەتییەکانی رۆمانیا لە بواری کاریکاتێر و کارتۆنی تەنزئامێزدا پشتڕاست کردەوە."

گوتیشی، "زۆر دڵخۆشم کە کارەکەم دوای هەڵسەنگاندنی لێژنەی تایبەتی فێستیڤاڵ، سەرکەوتووانە قۆناخی هەڵبژاردنەکەی تێپەڕاند و لەگەڵ بەرهەمەکانی کاریکاتێریستانی ناوداری جیهان نمایش کرا. ئەم جۆرە بەشدارییانە هەنگاوێکی گرنگن بۆ ناساندنی هونەری کوردی لە ئاستی نێودەوڵەتی دا."

هەندرێن خۆشناو باس لە بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان دەکات و دەڵێت، "ئەمە یەکەم جار نییە لە رۆمانیا بەشداری فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی دەکەم و پێشتر چەندین جار لە فێستیڤاڵە جیاوازەکانی رۆمانیا بەشداربووم و هەمیشە هەوڵم داوە لە رێگەی هونەری کاریکاتێرەوە دەنگ و روانگەی هونەرمەندی کورد بگەیەنم بە جیهان. بەوەی کارەکانم لەگەڵ بەرهەمەکانی هونەرمەندانی وڵاتانی جیاواز نمایش دەکرێن، بۆ من جێگەی شانازی و خۆشحاڵییە."

ئەو فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییە، یەکێکە لە گرنگترین کۆڕە نێودەوڵەتییەکانی بواری کاریکاتێر و کارتۆن لە رۆمانیا، کە هەموو ساڵێک هونەرمەندانی دەیان وڵات لە دەوری یەک کۆدەکاتەوە.

هونەرمەندی شێوەکار هەندرێن خۆشناو، خەڵکی شاری هەولێرە، هەر لە منداڵییەوە بەشداری لە پێشانگەکانی بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکاندا کردووە، لە ساڵی 1986 یەکەم پێشانگەی تایبەتی شێوەکاری و دواتر کاریکاتێری خۆی لە هەولێر کردووەتەوە، لە دوای ساڵی 2000 ەوە بەشداری لە چالاکییە نێودەوڵەتییە شێوەکاری و کاریکاتێرییەکاندا کردووە، زیاتر لە 220 چالاکی و بەشداری نێودەوڵەتی، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا هەیە، چەندین خەڵات و بڕوانامە و رێزلێنانی جۆراوجۆری پێبەخشراوە.