دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: ماددەی 140 دیارترین نەخشەرێگەیە بۆ چارەکردنی کێشەکان
دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا سەرکۆنەی لێدوانێکی پارێزگاری کەرکووک دەکات و بە پێچەوانەی دەستووری دادەنێت، هاوکات داواش دەکات پارێزگار سەرنجی لەسەر خزمەتگوزاری و پێکەوەژیان بێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 06ـی ئابی 2026، لە راگەیەنراوێکدا، دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان ئاماژەی بەوە کردووە، بنچینەی سەرەکیی سیستەمی حووکمڕانی لە عێراقی نوێدا دەستووری وڵاتە و بووەتە پەیمانێکی راستەقینە. گەلانی عێراق بە تەواوی جیاوازییەکانیانەوە وەک شانازییەکی گەورەی تێکۆشانیان دژی دەسەڵاتی زۆردار باسی لێوە دەکەن. پابەندبوون بەم دەستوورە تەنیا پابەندییەکی یاسایی و پاراستنی دەستکەوتەکان نییە، بەڵکوو رێزگرتنە لە ویستی گەلانی عێراق.
دەستەکە روونی کردووەتەوە، خەڵکی کوردستان وەک پێکهاتەیەکی گرنگی ئەم وڵاتە، بە بایەخێکی زۆرەوە و وێڕای تێبینییەکانیان، دەستیان بەم بنەمایەوە گرتووە و وەک بەرهەمی خەباتێکی درێژخایەن وێنای دەکەن. ماددەی 140ـی دەستووریش وەک دیارترین نەخشەرێگە دەبینن بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی دێرینی نیشتمانەکەیان، ئەویش پرسی ناسنامەی رووبەرێکی بەرفراوانی خاکەکەیەتی لە عێراقدا. هەروەها بڕوایان وایە دەستوور رێگەیەکی هاوسەنگی داڕشتووە بە ئاراستەی چارەسەرکردنی ئەم پرسە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەر جۆرە لێدوانێکی نادەستووری لەلایەن پارێزگاری کەرکووکەوە بە تەواوی رەتدەکەنەوە. لەم قۆناخە هەستیارەدا پێویستە پارێزگار گیانی پێکەوەژیانی راستەقینە لە شارەکەدا زاڵ بکات و خۆی لە بەکارهێنانی دەستەواژەیەک بەدوور بگرێت، پێچەوانەی دەستوور و ویستی راستەقینەی گەلانی عێراق بێت.
لە کۆتاییدا دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان هۆشداری داوە لەوەی، لێدوان و دیداری نادەستووری رووبەری بێمتمانەیی فراوان دەکات و سەرنجیش لەسەر پرسە خزمەتگوزارییەکان لادەدات، لە کاتێکدا ئەمڕۆ کەرکووک لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە خزمەتگوزاری هەیە. راگەیەنراوەکە لە رۆژی 06ـی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی، گەورەترین هەڵەی ستراتیژی کە دەوڵەتی عێراقی لە دوای ساڵی 2003 بەرامبەر بە کەرکووک کردوویەتی، مادەی 140 بووە و بەهۆی ئەو جۆرە ماددانەوە دەنگیان بە دەستوور نەداوە.
ماددەی 140ـی دەستووری عێراق تایبەتە بە چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ناوچانەی لە رووی ئیداری و جوگرافییەوە ناکۆکییان لەسەرە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و کەرکووکیش دیارترین و گرنگترین ئەو شارانەیە.