تەقینەوەیەک رۆژئاوای دیمەشقی هەژاند
ئەمڕۆ لە شارۆچکەی جەرمانا لە ناوچەی دیمەشقی پایتەختی سووریا، تەقینەوەیەک لە نێو پاسێکی گواستنەوەی ناوخۆیی رووی دا و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ژمارەیەک قوربانی لێکەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، بەگوێرەی سەرچاوە میدیاییەکانی سووریا، تەقینەوەکە لە نێو پاسێکی بچووکی گواستنەوەی گشتی (سێرڤس) لە نزیک رێڕەوی ئەلڕەوزە لە شارۆچکەی جەرمانا کە دەکەوێتە ریف دیمەشق، رووی داوە.
دەستبەجێ دوای رووداوەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوەکە و دەستیان بە رزگارکردن و گواستنەوەی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکان کردووە. تاوەکو ئێستاش هۆکار و سروشتی تەقینەوەکە و ئاماری کۆتایی قوربانییەکان رانەگەیەندراوە.
هەروەها پەیامنێری کوردستان24 لە دیمەشق، رایگەیاند: تەواوی ئەو رێگەیانەی بەرەو جەرمانا دەچن لەلایەن ئاسایشی گشتییەوە داخراون و هەروەها كهسێك كوژراوه و پێنج كهسی دیكه بریندارن.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە کەمتر لە مانگێک پێش ئێستا، لە 7ی تەممووزدا، دوو تەقینەوەی بەهێزی یەک بەدوای یەک لە نزیک بینای وەزارەتی گەشتوگوزار و هۆتێلی "فۆرسیزنس" لە ناوەڕاستی دیمەشق روویان دا. لەو رووداوەدا ژمارەیەکی زۆر قوربانی کەوتنەوە، لە نێویاندا یاریدەدەری وەزیری گەشتوگوزاری سووریا و 4 کارمەندی پۆلیس کوژران، جگە لە سووتانی ئۆتۆمبێلێک و کەوتنەوەی زیانی گەورەی مادی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تەقینەوەی یەکەمی رۆژی 7ی تەممووز لە رێگەی بۆمبێکی چێنراوەوە بووە کە لە نێو ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیدا دانندرابوو، دوای چەند چرکەیەکیش تەقینەوەی دووەمی بەهێزتر رووی دا کە بڕوا وایە بۆمبێک بووبێت لە نێو زبڵدانێکدا چێنرابوو، ئەمەش ترس و سەراسیمەییەکی زۆری لە نێو هاووڵاتییاندا دروست کرد.