مەسرور بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی فەخری کەریم دەکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: رۆژنامەی مەدا هەمیشە وەک سەکۆیەکی کۆکەرەوە و دەنگێکی کاریگەر بەرگری لە مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق کردووە.

پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بروسکەیەکی پیرۆزبایی ئاراستەی دەزگای میدیایی، رۆشنبیری و هونەریی مەدا کرد بە بۆنەی ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەکەیان.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە: "بە بۆنەی ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەی مەدا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی فەخری کەریم، سەرۆکی دەزگاکە، دەستەی نووسەران و سەرجەم کادیرانی دەزگاکە دەکەم"

مەسرور بارزانی، لەم بۆنەیەدا، ستایشی کاروانی رۆژنامەگەریی پڕبەخششی دەزگای مەدای کرد و گوتی: رۆژنامەکە وەک سەکۆیەکی راگەیاندنی کۆکەرەوەیە و دەنگی هیچ پێکهاتە یان لایەنێک پشتگوێ ناخات و، بە شێوەیەکی کارا بەشدار بووە لە گەیاندنی دەنگی پێکهاتە جیاوازەکان و بەرگریکردن لە مافەکانیان، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بووە لە بەهێزکردنی بنەماکانی ئەزموونی دیموکراسی و فیدراڵی لە عێراقدا.

سەرۆکی حکوومەت جەختیشی لەسەر پابەندبوونی بەردەوامی رۆژنامەکە بە لایەنی پیشەیی، بابەتیبوون، پەیڕوکردنی گوتارێکی میانڕەو و بەرزنرخاندنی راستی کردەوە، لە پێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گشتی و بەدیهێنانی خواستەکانی کۆمەڵگە.

هەروەها مەسرور بارزانی، هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتری بۆ دەزگای مەدا خواست، بە ئاراستەی بەردەوامبوونیان لە پێشەنگایەتی و گەیاندنی پەیامە باڵاکەیان.