ئەفکان ئاڵا: رزگاربوون لە جەنگ لە بەرژەوەندیی 86 ملیۆن هاووڵاتیی تورکیادایە
جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی رایدەگەیەنێت، تورکیا هەنگاوی کردارەکی دەنێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکان و داماڵینی چەک، ئاشکراشی دەکات کە زیاتر لە 360 پەرلەمانتار لە پارتە جیاوازەکان پشتیوانی لە پێشنیارەیاسای تایبەت بەم پرۆسەیە دەکەن.
ئەفکان ئاڵا، جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند "تورکیا کۆتایی به شەڕ و ئاڵۆزییەکان دەهێنێت و رێکارەکانی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە و دەستبەرداربوونی چەکەکان دادەمەزرێنێت."
ڕوونیشیکردەوە کە بە سپاردنی تۆمارکردن و دەستنیشانکردنی ئەم پرۆسەیە بە دامەزراوەکانی دەوڵەت، ڕێگە خۆش دەکات وڵات بە یەکێتی، تەبایی و ئارامییەوە لە رێگەکەی بەردەوام بێت و گوتی: "لەمە باشتر چی دەبێت؟".
لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی لەمەودوا، جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی ئاماژەی بەوە کرد، پێشنیاری یاساکە بە پشتیوانییەکی زۆر گەورەی سیاسییەوە پێشکەشی پەرلەمان کراوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاکپارتی و مەهەپە لە سەرەتاوە تا ئێستا سەرپەرشتیی پرۆسەکەیان کردووە.
ئەفکان ئاڵا ئاشکرای کرد جگه لە ئاکپارتی و مەهەپە، پەرلەمانتارانی ناو دەم پارتی، جەهەپە، هودا پار و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لەگەڵ پارتەکانی دیکە پێشنیاری یاساکەیان واژوو کردووە و رایگەیاند "پێمان وایە ژمارەی پشتیوانان 360 پەرلەمانتاریش تێدەپەڕێنێت. پشتیوانییەکی زۆر گرنگی سیاسی هەیە و پشتیوانی کۆمەڵایەتیش لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی گوتی: "لەو خاڵهی لە ئێستادا پێیگەیشتووین، تورکیا بەرەو پێشەوە دەچێت و هەنگاو دەنێت بۆ ڕزگاربوونی تەواوەتی لەم کێشەیە. ئەمەش لە بەرژەوەندیی 86 ملیۆن هاووڵاتیماندایە و کۆمەڵە شتێک هەن برایەتیی 86 ملیۆن کەس دەستەبەر دەکەن."
پرۆسەی نوێی ئاشتی
لە کۆتایی ساڵی 2024: دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و هاوپەیمانی ئەردۆغان، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بچێتە پەرلەمانی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەیەنێت.
26ـی تشرینی دووەمی 2024: راگەیاندنی فەرمیی دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی بۆ ئاشتی.
28ـی کانوونی یەکەمی 2024: دیداری پەروین بوڵدان و سەرى سوورەیا ئۆندەر (شاندی دەم پارتی) لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمڕاڵی.
سەرەتای ساڵی 2025: ئۆجەلان لە زیندانەوە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای چەکدانان و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی کرد.
1ـی ئاداری 2025: ڕاگەیاندنی فەرمیی ئاگربەست و ڕەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ.
5 - 7ـی ئایاری 2025: بەڕێوەچوونی کۆنگرەی 12ی پەکەکە؛ دەرکردنی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری.
11ـی تەممووزی 2025: وەک هەنگاوێکی هێمادار بۆ قبووڵکردنی پەیامەکەی ئۆجەلان، گرووپێکی 30 کەسی لە گەریلاکان بە سەرۆکایەتیی بەسێ هۆزات (هاوسەرۆکی کەجەکە) لە ڕێوڕەسمێکدا لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری ناوچەی شارباژێڕ / دوکان - سلێمانی، چەکەکانیان سووتاند و کۆتاییان بە شەڕ هێنا.