ئالان جەمال نوێترین گۆرانیی بەناوی "پیری" بڵاوکردەوە

ئالان جەمال، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "پیری"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هیوادارم هەر کەسێک گوێی لەو گۆرانییە دەبێت، بەشێک لە  بیرەوەرییەکانی خۆی لە ناو ئەم گۆرانییەدا ببینێتەوە."

ئەمڕۆ هەینی، 7ی ئابی 2026، ئالان جەمال، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو بەرهەمە نوێیەم، خۆم ئاواز و تێکستەکەم بۆ داناوە و دابەشکردنی میوزیک لەلایەن پێشەوا عومەر ئەنجامدراوە و ئیبراهیم وەسفی دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ کلیپەکەی کردووە، هەوڵمانداوە بە شێوازێکی هەستیار و ئارام بابەتێکی مرۆیی بخرێتە ناو گۆرانییەکە."

گوتیشی، "لەو بەرهەمەدا هەوڵم داوە لە رێگەی دەق و ئاوازەوە ئەو قۆناخەی ژیان پیشان بدەم کە مرۆڤ زیاتر لە هەر کاتێکی تر بەهای کات، خێزان، خۆشەویستی و بیرەوەرییەکانی دەزانێت."

ئەو هونەرمەندە باس لە پەیامی گۆرانییەکە دەکات و دەڵێت، "ئەم گۆرانییە تەنیا باس لە تەمەنی پیری ناکات، بەڵکو پەیامێکە بۆ ئەوەی پێش تێپەڕبوونی کات، نرخی ئەو کەسانە بزانین کە لە ژیانماندا هەن و چێژ لە هەر ساتێکی وەربگرین. هیوادارم هەر کەسێک گوێی لەو گۆرانییە دەبێت، بەشێک لە بیرەوەرییەکانی خۆی لە ناو ئەم گۆرانییەدا ببینێتەوە."

ئالان جەمال، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لەدایکبووی شاری هەولێرە و نیشتەجێی ئەوروپایە. خاوەنی چەندین بەرهەمی گۆرانییە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.