سعوودیە، تورکیا و پاکستان 'رێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش'یان ئیمزا کرد
لە هەنگاوێکی نوێدا و بەهۆی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەریەک لە سعوودیە، تورکیا و پاکستان لە شاری جەددە رێککەوتننامەیەکیان بۆ بەرگریی هاوبەش ئیمزا کرد؛ بەپێی رێککەوتنەکەش، هەر پەلامارێک بۆ سەر یەکێک لەم سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر هەرسێکیان ئەژمار دەکرێت.
میدیاکانی سعودیە و پاکستان بڵاویانکردەوە، رێککەوتنەکە لەلایەن محەممەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئیمزا کراوە، رێککەوتنەکە ناو نراوە "رێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش".
ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە جەنگ لە نێوان ئێران لە لایەک، و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە بەردەوامە و کاریگەریی قووڵی بەسەر هاوپەیمانییە ناوچەیییەکانەوە جێهێشتووە. هاوکاتە لەگەڵ نوێبوونەوەی گرژییەکان لە نێوان ریاز و حوسییەکانی یەمەن، دوای ئەوەی لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی حوسییەکان بۆ سەر باشووری شانشینی سعودیە، 11 کەس بریندار بوون.
شارەزایانی بوارەکانی بەرگری رایدەگەیەنن، بەهێزبوونی ئەم هاوپەیمانییە لە نێوان سعودیە (کە خاوەنی کێشێکی ئابووری و نەوتیی گەورەیە)، تورکیا (کە ئەندامێکی بەهێزی ناتۆیە) و پاکستان (کە وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمییە)، ئاماژەیەکی روونە بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ناوچەیییەکان لە سایەی تێکچوونی دۆخی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دەستەی هاوپەیمانیی سەرەکی (سعودیە، تورکیا، میسر و پاکستان) لەگەڵ قەتەر لە دوای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانەوە لە 28ـی شوبات، رۆڵێکی بەرچاویان بینیوە لە نێوەندگیری و ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان واشنتن و تاران بە مەبەستی راگرتنی جەنگ و کۆنتڕۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان.