فەرەنسا: رێگە نادەین دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بکرێت
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختی کردەوە، پاریس رێگە بە هیچ هەوڵێکی دەستێوەردانی دەرەکی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتوودا نادات، کە بڕیارە دوای هەشت مانگی دیکە بەڕێوەبچێت.
هەینی 7ـی ئابی 2026، جان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "فەرەنسا بە هیچ شێوەیەک رێگە بە دەستێوەردانی دەرەکی لە دیالۆگی دیموکراسی و بەتایبەتی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانیدا نادات". ئەم لێدوانەش هاوکاتە لەگەڵ دروستبوونی شەپۆلێکی نوێی پڕوپاگەندەی رووسی دژی ژمارەیەک لەو کەسایەتییانەی ناویان وەک کاندیدی سەرۆکایەتی دەهێنرێت.
ئەم پەیامەی بارۆ وەک وەڵامێک بوو بۆ قسەکانی جان لوک میلانشۆن، سەرۆکی پارتی فەرەنسای یاخیی چەپڕەو، کە رەخنەی لە کەمتەرخەمیی حکوومەت گرتبوو و رایگەیاندبوو، هەڵبژاردنەکانی فەرەنسا کراوەیە بەڕووی هەموو دەستکاریکەرانی جیهاندا.
لە ماوەی رابردوودا چەندین کاندیدی ئەگەری کەوتوونەتە بەر شاڵاوی ناوزڕاندن و دەنگۆی ساختە؛ لەوانە ئێدوار فیلیپ لەسەر دۆخی تەندروستی، رافایل گلۆکسمان لە رێگەی هاوسەرەکەیەوە بە تۆمەتی بەرتیلدان بە میدیاکان، و گابریێل ئاتال لە رێگەی بڵاوکردنەوەی دەنگۆی تووشبوونی بە نەخۆشیی پارکینسۆن.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا داوای کرد جیاوازی بکرێت لە نێوان دەربڕینی بۆچوونی ئاسایی کەسایەتییە بیانییەکان و نێوان دەستێوەردانی رێکخراو، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت بە توندی رووبەڕووی ئەو هەوڵانە ببنەوە کە بە شێوەیەکی رێکخراو لە دەرەوەی وڵات ئاراستە دەکرێن بۆ شێواندنی پرۆسەی دیموکراسی، و جەختی لەوەش کردەوە، بەشێک لە چارەسەر لە رێکخستنی یاسایی کاری پلاتفۆرمە گەورەکانی سۆشیاڵ میدیادا دەبێت.