پزیشکیان: بەرگری لە یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا دەکەین

مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران شکست نییە، جەختیشی کردەوە، لە ناوخۆی وڵاتەکەی ئاڵەنگاریی هەیە و ئەمریکا و ئیسرائیلیش دەیانەوێت وەکو هەلێک بیقۆزنەوە.

هەینی 7ـی ئابی 2026، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا بە بۆنەی دەستپێکی سێیەم ساڵی کارکردنی حکوومەتەکەی، چەندین پرسی گرنگی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وروژاند، لەوانە رەتکردنەوەی دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی و وردەکاریی رێککەوتننامەی گەرووی هورمز، هەروەها گوتی،"بە هێزەوە بەرگری لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان لەگەڵ ئەمریکا دەکەن". 

لە بارەی دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی لە ناوەندە سیاسییەکاندا، پزیشکیان بە توندی وەڵامی دایەوە و رایگەیاند: "من هەرگیز بە فەرمی دەستم لەکار نەکێشاوەتەوە و ناشیانەوێت وازبهێنم، دەمێنمەوە و بەرەنگاری هەموو ئەو دەنگۆ و پڕوپاگەندانە دەبمەوە کە دەکرێن و راستییەکان بۆ خەڵک روون دەکەمەوە." 

سەبارەت بە واژۆکردنی رێککەوتننامەکەیان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، پزیشکیان گوتی،" رێککەوتنەکە لەسەر ئاستی سەرۆککۆمار لە لایەن خۆی و دۆناڵد ترەمپەوە واژۆ کراوە بۆ ئەوەی متمانە و قورسایی زیاتری هەبێت، گوتیشی: "ئێمە هیچمان نەداوە بە ئەمریکا، بەڵکو دەستکەوتی گەورەمان هەبووە، لەوانە شکاندنی گەمارۆکان و گەڕاندنەوەی پارەکانمان، لە بەرامبەردا رێگەمان داوە کەشتییەکان بەپێی یاساکانی ئێمە لە گەرووی هورمز تێپەڕن."

رێزگرتن لە سیاسەتەکانی رێبەری باڵای ئێران و هەماهەنگی لەگەڵ سوپا و هێزە چەکدارەکان، تەوەرێکی تری قسەکانی بوو، پزیشکیان گوتی،" راستە لە ناوخۆی وڵاتەکەمان رووبەڕووی هەندێک ئاڵەنگاریی بووینەتەوە، هەربۆیە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی ناوخۆیی بکەین، چونکە ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت ئەو ئاڵەنگاری و ناکۆکیانەی کە هەیە وەکو هەلێک بیقۆزنەوە، سەرۆککۆماری ئێران راشیگەیاند، محەمەد باقر قالیباف بە رەزامەندی هەموو لایەک وەک بەرپرسی تیمی دانوستانکار دیاریکراوە. گوتیشی: "هیچ حکوومەتێک وەک حکوومەتی من پابەندی سیاسەتەکانی رێبەری باڵا نەبووە."

هەروەها سەبارەت بە گەیاندنی خزمەتگوزاریی بەو توێژانەی کە دامەزراوە فەرمییەکان نەیانتوانیوە بیانبینن، پزیشکیان گوتی،" مزگەوت و قوتابخانە و بنکە تەندروستییەکان دەبنە بنکەی ئۆپەراسیۆنی خزمەتگوزاری بۆ چارەسەری کێشەی بێکاری، هەژاری و تەندروستی لە ناو گەڕەکەکاندا، بێ ئەوەی جیاوازی لە نێوان خەڵکدا بکرێت.

رەوشی پەیوەندییەکان لەگەڵ دراوسێکان بە گوتەی پزیشکیان بەرەو باشتربوون چووە، بەڵام رەخنەی لەوە گرت کە ئەمریکا خاکی هەندێک لەو وڵاتانەی بەکارهێناوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، جەختیشی کردەوە، ئێران بەدوای فراوانخوازییەوە نییە و تەنها بەرگری لە سەروەری خۆی دەکات.